بارزانی: ڕووداوەکانی حەلەب ئامانجیان گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکەیە
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە جەختی کردەوە کە ئەو ڕووداوانەی لە شاری حەلەب دەگوزەرێن ئامانجیان گۆڕینی پێکهاتەی دانیشتووانی ناوچەکەیە و هەڕەشە لە سەلامەتی هاووڵاتیانی مەدەنی دەکەن.
لە ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا سەبارەت بە ڕووداوەکانی حەلەب، کە دەستی ئاژانسی هەواڵی موتەڵع کەوتووە، هاتووە: ڕووداوەکانی شاری حەڵەب و ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر کوردەکان، ئامانجیان گۆڕینی پێکهاتەی دانیشتووانی ناوچەکەیە و هەڕەشە لە سەلامەتی مەدەنییەکان دەکەن، هەروەها دەسەڵات لە دیمەشق و ویژدانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕووبەڕووی کۆمەڵێک پرسیار دەکەنەوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە: شەڕ و توندوتیژی هیچ کێشەیەک لە ڕەگ و ڕیشەوە چارەسەر ناکەن، هەروەها هیچ پاساوێک بۆ پاکتاوی ڕەگەزی بوونی نییە، وتیشی: ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر گەڕەکە کوردییەکان لە حەڵەب بوونەتە مایەی نیگەرانییەکی زۆری ئێمە.
بارزانی ڕوونیکردەوە: هیوادارین هەموو لایەنەکان بەرپرسیارێتییەکانی خۆیان هەڵبگرن و هەوڵ بدەن بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتیان و پەنا بۆ گفتوگۆ ببەن وەک ڕێگەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. هەروەها داوای کرد کە سیستەمی حوکمڕانی ئێستا لە سووریا بچێتە ئاستی بەرپرسیارێتییەوە و بەو جۆرەی کە شایستەی حکومەتێکی دیموکراتی گشتگیر بێت کە نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکانی سووریا بکات
