بازاری شاری قامیشلۆ بە مەبەستى بەرزڕاگرتنی یادی گیان لەدەستدانی هەشت هاوڵاتی نەکرایەوە
بازاری شاری قامیشلۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان بە مەبەستى بەرزڕاگرتنی یادی گیان لەدەستدانی هەشت هاوڵاتی کە دوێنێ دووشەممە بەهۆی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان گیانیان لەدەستدا نەکرایەوە و بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە مەراسیمێک بۆ ئەو هەشت قوربانیە ئەنجام بکرێت.
لە ئەنجامی ئەم هێرشانەی دوێنێ دووشەممە، چەندین هاوڵاتی برینداربوون و هەست هاوڵاتی سڤیل بوونە قوربانی بە ناوەکانی، ڕیاز حەمۆ، بێریڤان مەحەممەد، مامۆستا فەرحان خەلەف، ڕێناس حوسێن، فەرحان تەمی، حوسێن ئەحمەد و دوو هاوڵاتی تر، هەروەها بۆردوومانەکانی تورکیا نەخۆشخانەی هیلالی سوری کردە ئامانج کە زیانێکی گەورەی پێگەیاند و لە خزمەت دەرچوو.
ژمارەی قوربانیانی سڤیل لە ڕۆژئاوای کوردستان بەرەو زیادبوون دەڕوات لەگەڵ بەردەوامی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی سڤیل، ئەمەش لە کاتێکدا فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە چڕی ڕۆژئاوای کوردستان بۆردوومان دەکەن کە چەندین زیانی جۆراوجۆر بە خەڵکی سڤیل و ژێرخانی ئابووری و دامەزراوە خزمەتگوزاریەکان گەیاند.
