باسم عەوادی:حکومەتی عێڕاق بەدواداچوون بۆ پێشھاتەکانی دۆخی غەززە و ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین کردووە
حکومەتی عێراق لە میانی بەدواداچوون بۆ پێشھاتەکانی دۆخی غەززە، داوای کرد کە لەسەر ئاستی ھەرێمی و نێودەوڵەتی، ڕێگریی بکرێت لە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لە کەرتی غەززە.
باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە: "حکومەتی عێڕاق بەدواداچوون بۆ پێشھاتەکانی دۆخی غەززە و ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین کردووە، بەتایبەتی ئەو پەرەسەندنی ھێرشەکانی زایۆنی بۆ سەر ڕەفح کە بەھۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە ھاووڵاتییانی سڤیل بوونەتە قوربانی".
ڕاشیگەیاندووە: "پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی خۆی لەئەستۆ بگرێت و ھەوڵی زیاتر بدات بۆ ڕاگرتنی بەردەوامی کردەوە تاوانکارییەکانی زایۆنی لە فەڵەستین".
باسی لەوەشکردووە کە حکومەتی عێراق داوای ھەڵوێستێکی عەرەبی، ئیسلامی و ھەرێمی دەکات، بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لەلایەن زایۆنییەوە لە کەرتی غەززە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ھەروەھا ھاتووە: "عێراق ھەڵوێستەکانی ئەم دواییەی ژمارەیەک وڵات بەرز دەنرخێنێت کە بریتییە لە دانپێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستین، ئەمەش وەڵامدانەوەیەکی ڕوونە بۆ ئەو سیاسەتە فەرامۆشکراوانەی کە ھەندێک لە ھێزە نێودەوڵەتییەکان پەیڕەوی دەکەن و بێدەنگ بوون لە ھێرشەکانی سەر کەرتی غەززە".
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە حکومەتی عێراق پشتیوانی خۆی بۆ پرسی فەڵەستین نوێ دەکاتەوە و داوایش لە ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کە دەستبەجێ کاربکەن بۆ کردنەوەی دەروازەکان لە پێناو گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە.
