بافڵ تاڵەبانی: خوێندكارانی كەركوك دەبێت بە كوردی بخوێنن چونكە كوردی زمانی رەسمی عێراقە
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی ڕایگەیاند، خوێندكارانی كەركوك دەبێت بە كوردی بخوێنن، چونكە كوردی زمانی رەسمی عێراقە. هەروەها هەوڵدەدەن سیستەمێك دابینێن كە مامۆستایانی خوێندنی كوردی كەركوك، راستەوخۆ لە بەغداوە موچەیان بۆ بێت.
بافڵ تاڵەبانی، ئەمڕۆ سێشەممە لە میانەی وتارێكدا بۆ لایەنگرانی حزبەكەی لە كەركوك کەموتەڵع بەدوداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاند، پێش دوساڵ بەڵێنی لابردنی پارێزگارە گەندەڵەكە و دانانی پارێزگارێكی یەكێتیمان بە كەركوكیەكان دا و جێبەجێمان كرد.
ئاماژەی بەوەشكرد، "ئەو پارێزگارەی كە ناوی كاك رێبوارە بزانە چی كردوە لەم شارە، بزانە چۆن كەركوكی یەكڕێز كردوە، بە یەك چاو خزمەتی هەمو لایەك ئەكات. بەو بودجەی كە سێ جار پارە هاتوە بۆ پرۆژە، جادەكانمان پاكن، ئاومان هەیە، كارەبامان هەیە، مەكتەبمان هەیە، خەستەخانەمان هەیە. ئەمانە بەڵین بون كە جێبەجێمان كرد".
بافڵ تاڵەبانی دەشڵێت، خوێندكارانی كەركوك دەبێت بە كوردی بخوێنن، لە دەستوری عێراقدا كوردی زمانی رەسمی عێراق، قەت قەبوڵی ناكەین غەدرمان لێ بكەن.
ئەوەشیخستەڕو، "تائێستا مامۆستایانی خوێندنی كوردی كەركوك لە هەرێمی كوردستانەوە موچەیان بۆ دێت، ئێمە هەوڵدەدەین سیستەمێك دابینێن كە راستەوخۆ لە بەغدادەوە موچەیان بۆ بێت، تا ئەم و ئەو گەمە نەكات بە ژیانی مامۆستایان".
بافڵ تاڵەبانی باسی لەوەشكرد، "بزانە چەند شەریكە دێت بۆ كەركوك، ئەمڕۆ هەمو دنیا ئەیەوێ بازگارنی لە كەركوك بكات ئەمە رێبازی مام جەلالە. لایەن هەن كە تائێستا باسم نەكردون، بەڵام ئیمڕۆ باسیان ئەكەم، ئەڵێن كەركوك بەشەڕ رزگار ئەكەین. نەگبەت كەركوك بە دیموكراسی رزگاركراوە، بەم جەماوەرە كەركومان رزگاركرد".
