بافڵ جەلال تاڵەبانی: بەخۆشحاڵییەوە پێشوازیی لە وەبەرهێنەران دەكەین و كارئاسانییان بۆ دەكەین
بافڵ جەلال تاڵەبانی بە باڵیۆزی رۆمانیای راگەیاند، پێشوازی لە وەبەرهێنەران دەکەن تاوەک سەرمایەکانیان لە هەرێمی کوردستان بخەنەگەڕ و هاوکاربن لە گەشەپێدان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی لەگەڵ رادۆ ئۆکتاڤیان دۆبرێ، باڵیۆزی رۆمانیا لە عێراق کۆبۆوە و گفتوگۆیان لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی هەماهەنگییەکان و بەرەوپێشچونی هەرێمی کوردستان کرا.
لە کۆبونەوەکە بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، بەخۆشحاڵییەوە پێشوازیی لە وەبەرهێنەران دەكەن و كارئاسانییان بۆ دەكەن تاوەكو سەرمایەكانیان لەهەرێمی كوردستان بخەنەگەڕ و هاوكاربن لە گەشەپێدانی ناوچەكە، بۆ ئەمەش هیوادارن رۆمانیا هەنگاوی زیاتر لەبوارە جیاوازەكاندا بنێت و بەشداریی چالاكانەتریان هەبێت.
لەدرێژەی كۆبونەوەكەدا چارەسەركردنی كێشەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێكران، هەردولا جەختیان لە یەكخستنی هەوڵە نیشتمانییەكان كردەوە لەپێناو پاراستنی سەقامگیریی ناوچەكە و هەنگاونان بە ئاڕاستەی ئاوەدانی نەك قوڵكردنەوەی ناكۆكییەكان.
