باڵیۆزی ژاپۆن له عێراق: گفتوگۆمان لەگەڵ مەسرور بارزانی بەرهەمدار بوو
فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ، باڵیۆزی ژاپۆن له عێراق رایگەیاند، گفتوگۆیان لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمدار بووە و جەختیان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ژاپۆن و هەرێمی کوردستان کردووەتەوە، یەکێک لە تەوەرەکانی گفتوگۆی نێوانیان ناساندنی سیستەمی پەروەردەی ژاپۆنی بووە لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان.
لە رێوڕەسمی راگەیاندنی کۆمەڵەی دەرچووانی راهێنانەکانی جایکای ژاپۆنی لە هەولێر، کە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ، باڵیۆزی ژاپۆن له عێراق ئامادەبوون، گفتوگۆیان لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و چەند پڕۆژەیەکی هاوبەش کردووە.
فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ، باڵیۆزی ژاپۆن له عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) تویتەری پێشوو نووسویەتی: "لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆیەکی بەرهەمدارمان هەبوو، هەروەها لەسەر دوو بیرۆکە قسەمان کرد بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دوولایەنەکان لەنێوان کوردستان و ژاپۆن، کە ئەوانیش گفتوگۆ کردن بوو سەبارەت بە ناساندنی سیستەمی پەروەردەی ژاپۆنی لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان و برەودان بە پڕۆژەی پاککردنەوەی ئاوی زێرابی هەولێر و پتەوکردنی ئاڵوگۆری بازرگانی بوو".
راشیگەیاندووە: "بەڵێنم بە سەرۆکی حکومەت دا کە هەموو هەوڵێکی خۆم دەخەمە گەڕ بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و هەروەها گرنگیدانمان بۆ دانووستانی ئاشتیانەی نێوان هەولێر و بەغدا".
