بن سەلمان: ئەمەریکا گەورەترین هاوبەشی ئابووری سعوودیە
محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودییە ڕایگەیاند: پەیوەندی نێوان ئەمەریکا و سعوودیە بۆ 92ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و دۆناڵد ترەمپیش دەڵێت: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سعوودیە لە ئاستێکی زۆرباشدایە.
سێشەممە، 13ـی ئایاری 2025، لەکاتی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی وەبەرهێنانی سعوودی و ئەمریکی لەریازی پایتەختی سعوودیە، محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودییە ڕایگەیاند: پەیوەندی نێوان ئەمەریکا و سعوودیە بۆ 92ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و ئەمەریکا گەورەترین هاوبەشی ئابووری سعوودیە.
محەممەد بن سەلمان، گوتیشی: ئاڵوگۆڕی سعوودیە و ئەمەریکا لە 2013 بۆ 2024 گەیشتووەتە 500ملیار دۆلار.
لەلای خۆیەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند: پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و سعوودیە لە ئاستێکی زۆر باشدایە ، لەو چەند مانگەی ڕابردوو زۆرترین دەستکەوتمان هەبووە، زۆرترین خەڵک لە چەند مانگی ڕابردوو هاتوونەتە ڕیزی سووپا و چوار هەزار هەلیکارمان ڕەخساندووە.
ترەمپ گوتیشی: ناومان لە کەنداوی مەکسیک گۆڕی بۆ کەنداوی ئەمەریکا.
دەربارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ چین و بەریتانیا،ترەمپ ڕایگەیاند: لەگەڵ چین دەگەینە ڕێکەوتن و پەیوەندییەکانی نێوانمان بەرەو باشی دەڕۆن، لەگەڵ بەریتانیاش پەیوەندییەکانمان ئاسایی بوونەتەوە.
باسی لەوەش کرد، وەبەرهێنان لە ئەمەریکا زۆر زیادیکردووە، تەنیا لە ماوەی چەند مانگی رابردوو 10 ترلیۆن دۆلار زیادیکردووە و کۆمپانیاکان ڕژاونەتە ئەمەریکا.
سەرۆکی ئەمەریکا، ئاماژەی بەوەش کرد، داهاتوویەکی گەش چاوەڕێی ڕۆژهەڵاتیی ناوەڕاست دەکات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گەشتەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست پێ کرد و بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 13ـی ئایاری 2025، گەیشتە ڕیاز و لەلایەن محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودییەوە پێشوازیی لێ کرا.
