بوومەلەرزەیەکی وێرانکەر لە ئەفغانستان نزیکەی ٦٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا و سەدان کەسیش برینداربوون
کاربەدەستانی تاڵیبان ڕایانگەیاند، لە ئاکامی بومەلەرزەیەک لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان، لانیکەم 800 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە دو هەزار و 500 کەسی دیكەش برینداربون، كە زۆربەی زیانە گیانییەکان لە شاری دارا نور لە پارێزگای نەنگەرهار ڕویانداوە.
زەبیحوڵا موجاهید، وتەبێژی تاڵیبان ئەمڕۆ دوشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کابول ڕایگەیاند، نزیکەی 800 کەس لە پارێزگای کونار گیان لەدەستداوە و دو هەزار و 500 کەسی دیکەش برینداربون.
بەگوێرەی زانیارییەکان، زۆربەی زیانە گیانییەکان لە شاری دارا نور لە پارێزگای نەنگەرهار بوە، هەروەها گیانلەدەستدان بەهۆی بومەلەرزەکە لە پارێزگای لاغمانیش تۆمارکراوە.
بومەلەرزەکە لە نیوەی شەودا بە قوڵایی 10 کیلۆمەتر ڕویدا و خانوە قوڕ و بەردینەکانی ناوچە دورەدەست و شاخاوییەکانی وێرانكرد. کارمەندانی فریاگوزاری لە ژێر داروپەردودا بەدوای ڕزگاربواندا دەگەڕێن، هاوکات هەلیکۆپتەرەکان بە فڕۆکە بریندارەکان دەگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە.
شەرەفات زەمان، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی گشتی هۆشداریدا لەوەی ژمارەی قوربانیان بەرزدەبێتەوە.
بە گوتەی بەرپرسانی ناوچەکە، گوندەکانی وادیر، شوماش، مەسعود و ئاریت لە پارێزگای کونار بە تەواوی وێران بون، دەیان گوندی دیکەش زیانی زۆریان بەرکەوتوە. تەنها لە گوندێکدا 30 کەس گیانیان لەدەستداوە.
ئەم کارەساتە لە وڵاتێکدا ڕویدا کە پێشتر چەندین جار ڕوبەڕوی بومەلەرزەی کوشندە بوەتەوە و ئێستا ڕوبەڕوی قەیرانی مرۆیی بوەتەوە و بەرپرسانی تاڵیبان ڕایانگەیاندوە، تا ئێستا هیچ حکومەتێکی بیانی پەیوەندی بە کابولەوە نەکردوە بۆ هاوکاریکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی فریاگوزاری و فریاکەوتن.
زەبیحوڵڵا موجاهید، وتەبێژی حکومەتی تاڵیبان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، بومەلەرزەکە زیانی گیانی و زیانی ماددی لێکەوتوەتەوە، هەروەها تیمی فریاگوزاری لە کابول و پارێزگاکانی دیکەوە ڕەوانەی ناوچە زیانلێکەوتوەکان کراون.
ئەو بومەلەرزەیە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە شاری جەلال ئاباد و ناوچە سنورییەکان لەگەڵ پاکستان هەستی پێکراوە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی بەشی جیهانی بی بی سی، بومەلەرزەکە لە کابولەوە تا ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان هەستی پێکراوە.
