بڕیارە سەدان هەزار کەس بەشداری لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی حەسەن نەسرولڵا لە بەیروت بکەن
حیزبوڵڵای لوبنان ڕۆژی یەکشەممە لە شاری وەرزشی کامیل شەمعون لە بەیروت ئامادەکاری کۆتایی بۆ ناشتنی ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵا (حەسەن نەسرولڵا) و جێگرەوەی (هاشم سەفیەدین) دەکات، لەکاتێکدا ئامادەکارییە چڕوپڕەکان لەلایەن لیژنەیەکی ڕێکخەری تایبەتەوە بەڕێوەدەچێت.
ئەمەش لەکاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت لە مەراسیمی ناشتنی ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵا لوبنان، حەسەن نەسرولڵا بەشداربوونێکی فراوانی وەفدی فەرمی و جەماوەری و نوێنەرانی 79 وڵات بەخۆوە ببینێت، جگە لە ڕووماڵێکی فراوان و بێ وێنە لە میدیا جیهانیەکاندا.
جگە لەوەش، وەفدی فەرمی گەورە لە عێراقەوە کە کادرانی ڕاگەیاندن و میدیاکانی عێراقی، 10 ڕۆژ بەر لە وادەی بەخاکسپاردنی حەسەن نەسروڵلا گەیشتوونەتە لوبنان بۆ تەواوکردنی ئامادەکارییەکانیان و هەوڵی ڕووماڵی فراوانی مەراسیمی بەخاکسپاردنەکە.
بڕیارە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردی ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵای لوبنان و جێگرەوەی سبەی یەکشەممە 23ـی شوباتی 2025، کاتژمێر 1ـی پاش نیوەڕۆ بەکاتی بەیروت دەست پێبکات و مەراسیمەکە یەک کاتژمێر دەخایەنێت و لەگەڵ وتەیەکی سکرتێری گشتی ئێستای حیزبولڵا، شێخ نعیم قاسم و پاشان نوێژی پرسە، پێش دەستپێکردنی ڕێپێوان بەرەو شوێنی ناشتنەکانی ئەو دوو سەرکردەی حیزبوڵڵا و بەرەی (بەرخۆران - مقاوەمە)، کە بڕیارە لە دوو شوێنی جیاواز بەخاک بسپێردرێن.
شوێنی ناشتنەکان
• بڕیارە حەسەن نەسرولڵا، ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵای لوبنان لە شوێنێکی تازە کە لە کاتێکی نزیک نۆژەن کراوەتەوە لە گنزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ڕەفیق حەریری لە بەیروت بەخاک بسپێردرێت، پاش ئەوەی تەرمەکەی لە شوێنێکی نهێنی پارێزرابوو بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە، دوای کوژرانی لەئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل.
• بڕیارە هاشم سەفیەدین، جێگرەوەی سەرۆکی حیزبولڵای لوبنان لە شارەکەی خۆی لە (دێر قانوون ئەلنەهر) لە ناوچەی سوور لە باشووری لوبنان بنێژرێت.
بەشداریی جەماوەری و نێودەوڵەتی فراوان لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی حەسەن نەسرولڵا و هاشم سەفیەدین لە لوبنان.
عەلی زاهر، ڕێکخەری کۆمیتەی باڵای پرۆتۆکۆلی بەخاکسپاردنەکە دەڵێت: "79 وڵات لە ڕێگەی وەفدی فەرمی و جەماوەریەوە بەشداری لە مەراسیمەکەدا دەکەن و کەسایەتی دیار لە ئێران و عێراقەوە ئامادە دەبن"، گوتیشی: گەشتە ئاسمانییەکان لە بەغداوە بۆ بەیروت لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و خەڵکێکی زۆر لە وڵاتان بۆ ئامادەبوون لە پرسەکە و مەراسیمی ماڵئاوایی لە شەهید حەسەن نەسروڵلا و هاشم سەفیەدین ئامادە دەبن.
حیزبوڵڵای لوبنان داوەتنامەی بۆ بەرپرسانی لوبنانی ناردووە بۆ ئامادەبوون لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی ئەمینداری پێشووی، لەوانە:
• سەرۆک کۆمار، جۆزێف عەون
• سەرۆک وەزیران، نەواف سەلام
• سەرۆکی پەرلەمان، نەبیه بری
• سەرکردەی سیاسی و پیاوانی ئاینی لوبنانی وەک: جبران باسیل و وەلید جنبلات و پاتریارک بشارە ئەڵڕاعی.
ڕێوشوێنی ئەمنی توند گیراوتەبەر بۆ مەراسیمی بەخاکسپاردنی حەسەن نەسروڵلا و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەیروت دادەخرێت لە ڕۆژی بەخاکسپاردنی.
بەهۆی قەبارەی مەراسیمەکە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ڕەفیق حەریری ڕۆژی یەکشەممە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر دادەخرێت و هاتوچۆی فڕین و نیشتنەوە فڕۆکەکان بۆ ماوەیەکی کاتی ڕادەگیرێت، بەهۆی ئەوەی بڕیارە حەسەن نەسروڵلا لەنزیک فڕۆکەخانەی ڕەفیق حەریری بەخاک بسپێردرێت، هەروەها چەند کۆمپانیایەکی هێڵی ئاسمانی گەشتەکانیان هەڵوەشاندەوە بەهۆی نیگەرانی لە دۆخی ئەمنی، لەئەنجامی ئەو هەموو ئامەدەبووانە کە بڕیارە سەدان هەزار کەس ئامادەی مەراسیمی ناشتنی ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵای لوبنان و جێگرەوەی بن.
بەگوێرەی ئاژانس و میدیا ناوخۆییەکانی لوبنان و جیهان، پرسەی حەسەن نەسروڵڵا سەفیەدین هاشم یەکێک دەبێت لە گەورەترین ڕووداوەکان لە مێژووی لوبناندا، هەم لە ڕووی ئامادەبووان و هەم لە ڕووی ڕووماڵکردنی میدیاکانەوە.
هەروەها بڕیارە حکومەتی عێراق پرسەیەکی سیمبولی ساز بکات
له عێراق بۆ کۆچی دوایی حەسەن نەسروڵلا و ڕۆژێکی بەفەرمی بە پشوو ڕاگەیاند.
ڕۆژی شەممە 28ـی ئەیلوولی 2024، حیزبولڵای لوبنان بە فەرمی کوژرانی حەسەن نەسرولڵا، ئەمینداری گشتی حیزبولڵای لوبنانی ڕاگەیاند کە ئێوارەی ڕۆژی هەینی 27ـی ئەیلوول لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بارەگای حیزبولڵای لوبنان لە باشووری بەیروت کرایە ئامانج و تێیدا حەسەن نەسرولڵا کوژرا.
حەسەن نەسرولڵا بناسە...
ناوی تەواوی، حەسەن عەبدولکەریم نەسرولڵا-یە، لەدایکبووی 31ـی ئابی ساڵی 1960ـە.
حەسەن نەسرولڵا سەرکردەیەکی سیاسیی لوبنانی و سەرۆک و ئەمینداری گشتیی حیزبولڵای لوبنان بووە، لەنێوان ساڵانی 1992 تاوەکو 2024، لە 16ـی شوباتی 1999، دوای ئەوی عەباس مووسەوی لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژرا، وەک سێیەمین سکرتێری گشتیی حیزبولڵا دەستبەکار بوو و ھەتا کاتی تیرۆرکردنی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیلەوە لە ئێوارەی ڕۆژی 27ـی ئەیلوولی 2024.
هەروەها لە ڕۆژی پێنجشەممە 7ـی تشرینی دووەمی 2024، چوار ئەندامی بنەماڵەی حەسەن نەسرولڵا ئەمینداری گشتی پێشووی حیزبولڵای لوبنان کە لە مانگی ئەیلولی پارساڵ کوژرا، لە ئەنجامی هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان کوژران.
قوربانیەکان مامی حەسەن نەسرولڵا و دوو ئامۆزای و نەوەیەکی لەئەنجامی هێرشەکەی ئیسرائیل کراونەتە ئامانج و کوژراون.
