بۆ جاری سێیەم پۆلیسی سوید ڕێگە بە سوتاندنی قورئانی پیرۆز دەدات
پۆلیسی سوید مۆڵەتی داوەتە خۆپیشاندانێک لە رۆژی دووشەممە، کە لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکە ئەنجام دەدرێت بەنیازی سووتاندنی قورئانی پیرۆز.
بەپێی دەزگاکانی راگەیاندنی ناوخۆیی، جوڵانەوە نوێیەکە لەلایەن سەلوان نەجمی هاوڵاتی عێراقی ڕێکخراوە کە پێشتر پاڵپشتی هاوڕێکەی سەلوان مۆمیکای کردووە لە دوو جاری تر لە ماوەی ڕابردوودا بۆ سوتاندنی قورئانی پیرۆز لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید، وتیایدا هەستا بە سوتاندنی قورئانی پیرۆز.
ڕۆژنامەی ئێکسپرێس لە زاری نەجمەوە بڵاویکردەوە، "چەند جارێک هەڵدەستم بەسووتاندنی قورئانی پیرۆز تاوەکو لەم وڵاتە قەدەغە دەکرێت".
بڕیاڕە لە ڕۆژی دووشەممە لە کاتژمێر 1:00ی دوای نیوەڕۆ ئۆپراسیۆنی سوتاندنی قورئانی پیرۆز ئەنجامبدرێت.
لەم بارەیەوە، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان سوید و ژمارەیەک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئیسلامی لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا گرژییان تێکەوت دوای ئەوەی پۆلیس مۆڵەتی دا بە ئەنجامدانی چەند خۆپیشاندانێک کە تیایدا کۆپییەکی قورئان سوتێندرا.
جێی ئاماژەپێکردنە، لە کۆتایی مانگی رابردوودا، مۆمیکای تەمەن 37 ساڵ، ئاگری لە چەند لاپەڕەیەکی قورئانی پیرۆز لە دەرەوەی گەورەترین مزگەوتی شاری ستۆکهۆڵم بەردا، دوای نزیکەی مانگێک، خۆپیشاندانێکی هاوشێوە لە دەرەوەی باڵێۆزخانەی عێراق ئەنجامدا، لەو کاتەدا پێی لەسەر کۆپییەکی قورئانی پیرۆز نا بەبێ سووتاندنی.
ئەم هەنگاوەی مۆمیکا ڕەخنەیەکی بەربڵاوی لە وڵاتانی ئیسلامی لێکەوتەوە، بەتایبەتی لە بەغدا، کە خۆپیشاندەران هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەی سوید و ئاگریان تیا بەردا، بەم هۆیەوەش، حکومەتی عێراق فەرمانی دەرکردنی باڵیۆزی سویدی دا، لە کاتێکدا وڵاتانی دیکە باڵیۆزەکانی ستۆکهۆڵمیان بانگهێشت کرد بۆ ناڕەزایەتی دەڕبڕین.
لەلایەکی ترەوە حکومەتی دانیمارک ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە بیر لە ڕێکارێکی یاسایی دەکاتەوە بۆ ڕێگریکردن لەو خۆپیشاندانەی کە تیایدا سوتاندنی کۆپی کتێبە پیرۆزەکان دەگرێتەوە، ئەمەش دوای دوو هەنگاوی لەو جۆرە دێت کە لە ماوەی ڕابردوو لە کۆپنهاگنی پایتەختی دانیمارک روویاندا، ئولف کریسترسۆن سەرۆک وەزیرانی سویدیش ڕایگەیاند، وڵاتەکەی دەستی بەرێکارێکی هاوشێوە کردووە.
