بۆ یەکەمجار.. حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرەیەکیان پێکهێنا
ئەمڕۆ یەکشەممە ،حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بەرەیەکی یەکگرتوویان پێکهێنا بە ناوی (هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران).
حزبەكان بریتین لە (پارتی ئازادیی کوردستان، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان) و لە ڕاگەیەنراوێكدا دەڵێن: ئامانجمان پێکهێنانی دامەزراوەیەکی نیشتیمانی و دیموکراتیک لەسەر بنەمای ئیرادەی سیاسی نەتەوەیی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
دەقی ڕاگەیەنراوەكە:
خەڵکی خەباتکاری کوردستان!
حیزب و لایەنە سیاسییە کوردستانی و ئێرانییەکان!
ئازادیخوازان و خەباتگێڕانی سەرانسەری وڵات!
بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەیان ساڵە بە شێوەی ڕێکخراو و بەردەوام دژی سەرەڕۆیی و دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ناوەندگەرا لەپێناو مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانی خۆیدا خەبات دەکات.
کوردستان دوای شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامییش هەر سەنگەر و ناوەندی سەرەکیی خەبات و خۆڕاگری دژی ئەو ڕێژیمە سەرکوتگەرە بووە. کوردستان لەو ماوەیەدا تێچوویەکی زۆری بۆ خەبات و خۆڕاگرییی خۆی داوە. شەڕی بەسەردا سەپاوە، دەیان ڕێبەریی سیاسیی ئێعدام و تێرۆر کراون، هەزاران ڕۆڵەی خەباتکار و چالاکیی سیاسیی شەهید بوون و لە زیندانەکاندا گیانیان لێ ئەستێندراوە، کوردستانیش وەک جوغرافیایەکی داگیرکراو میلیتاریزە کراوە و بە سیاسەتی سەرکوت و تاڵانوبڕۆ لەلایەن حکوومەتی کۆماری ئیسلامییەوە ئیدارە کراوە.
ئێمە ئەم حیزبە سیاسییانەی ”هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران”مان واژۆ کردووە، بە پشتبەستن بە مێژووی خەبات و تێکۆشانمان و بە سەرنجدان بە پێویستییەکانی وەڵامدانەوە و خۆدیتنەوە لە دۆخی سیاسیی ئیستای ئێراندا کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هیچ شەرعییەتێکی سیاسیی بۆ نەماوەتەوە، بەڵام مخابن بەهۆی پەرتەوازەیی هێزە سیاسییە دژبەرەکانی ڕاوەستاو بووە؛ لە کوردستان وزە و ڕیزەکانی خەباتگێڕیی خۆمان یەک خستووە و هاوپەیمانییەکی سیاسیمان ڕاگەیاندووە. مەبەستی سەرەکیی ئەم هاوپەیمانییە کە پاش قۆناغی گۆڕینەوەی بیروڕا و کاری مەیدانی لە ”ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاری”دا پێکهاتووە، یەکڕیزی و هاوخەباتیی پتر بۆ پەرەدانی زیاتر بە بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ئێران و پیدانی قورسایی و دەوری زیاتری کوردستان و بزووتنەوە سیاسییەکەی لە خەبات دژی کۆماری ئیسلامی، دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان و چۆنیەتیی داڕشتنەوەی ئێرانی داهاتوویە.
ئامانجە سەرەکی و هاوبەشەکانمان لەو هاوپەیمانییەدا خەبات بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەدیهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی کورد و بنیاتنانی دامەزراوەیەکی نیشتمانی و دێموکراتیک لەسەر بنەمای ئیرادەی سیاسیی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ئێمە بە پشتیوانی لە خەبات و ناڕەزایەتیی سەرانسەریی نەتەوەکانی ئێران دژی کۆماری ئیسلامی لەو قۆناغەدا پێ لەسەر پێویستیی.
