بێدەنگی بە مەبەست... پەکەکە لە پشت پەردەوە چەک ڕادەست دەکات
کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) كە باڵی سیاسی پەكەكەیە ڕایگەیاند، گۆڕانکاریی لە پلانەکەیاندا کراوە و ڕێگە بە هیچ میدیایەک نادرێت ڕێوڕەسمی چەكدانانی گروپێكی پەكەكە بەشێوەی ڕاستەوخۆ و لە نزیكە ڕوماڵ بکەن، بەڵكو تۆماردەكرێت و لە ڕێگەی شاشەیەکەوە لە نزیک شوێنی بەڕێوەچونی ڕێوڕەسمەکە نمایش دەکرێت.
بەشی ڕاگەیاندن و میدیایی کەجەکە لە ڕێگەی ئیمەیلەوە بە زمانی ئینگلیزی ئەو ڕۆژنامەنوسانەی ئاگاداركردوەتەوە کە فۆرمی ڕوماڵکردنی ڕێوڕەسمی چەکدانانی پەکەکەیان پڕکردوتەوە دەڵێت، "بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە، گۆڕانکاریی لە شێوازی بەڕێوەچونی ڕێوڕەسمی چەکدانان لە سلێمانی کراوە".
ئاماژەی بەوەشكردوە، "ڕێوڕەسمەکە لە شوێن و کاتی خۆی بەڕێوە دەچێت، بەڵام بەبێ ئامادەبونی کەناڵ، میدیاکان و ڕۆژنامەنوسان دەبێت. تەواوی ڕێوڕەسمی چەکدانانەكە تۆمار دەكرێت و دواتر لە ڕێگەی شاشەیەکەوە كە لە نزیک شوێنی بەڕێوەچونی ڕێوڕەسمەکە دادەنرێت، نمایش دەکرێت".
پێشتر زاگرۆس هیوا، وتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، بە ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی راگەیاندبو، لە نێوان 10 بۆ 12ی ئەم مانگە، یەکەم گروپی گەریلاکانیان کە لە 20 تا 30 کەس پێکدێت، لە سلێمانی چەکەکانیان دادەنێن. ئەوەش یەکەم هەنگاوی کۆنکرێتی دەبێت بەرەو چەکداماڵین و چاوەڕوانی هانگاوی دواتر لە توركیا دەكەن.
وتیشی، "چەکەکانیان لەناودەبەن و بۆ ئەوەی پەکەکە هەنگاوی زیاتر بەرەو چەکدانان بنێت، پێویستە ئەو گۆشەگیرییەی لە زیندان بەسەر ئۆجەلاندا سەپێندراوە هەڵبگیرێت و هەنگاوی دەستوری، یاسایی و سیاسی بنرێت بۆ دڵنیابونەوە لەوەی ئەو گەریلایانەی واز لە ستراتیجی خەباتی چەکداری دەهێنن، بتوانن لە تورکیا تێکەڵ بە سیاسەتی دیموکراسی ببن".
