بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی كاربەڕێکەری حکومەتی هەرێم، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە ڕاگەیندراوێکی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی وەزیران هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بە هەماهەنگی وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا، کە سەرجەم زانیاریی پێویست خراوەتە بەر دەست لیژنە هاوبەشەکە، بەم جۆرەش ئەوەی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانە جێبەجێ کراوە و ئیتر ئەرکی حکومەتی فیدڕاڵە، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێم، وەک شایستەی دارایی خۆیان دابین بکات و وابەستە نەکرێت بە ناکۆکیی و کێشە سیاسیيەکان و پابەندییەکان و پێویستە بەیەک چاو سەیری سەرجەم مووچەخۆران بکرێت لە سەرتاسەری عێراقی فیدڕاڵ، بەو پێیەی هاووڵاتییانی عێراقی فیدڕاڵ بە هەرێمی کوردستانیشەوە، یەکسانن لەبەردەم یاساکان و نابێت جیاکاریی بکرێت لە پێدانی شایستەی مووچەخۆران لەژێر هیچ پاساو و بیانوویەکدا.
هاتووەش، کە سەرۆک وەزیران دووپاتی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشتر هەموو داتا و زانیارییەکانی تایبەت بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی زۆر ڕوون و شەفاف و تۆمارکراو لە سیستهمێکی ئەليکترۆنیى پێشکەوتووی بایۆمەتریی، پێشکەشی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ کردووە و بەردەوامیشە لەم هەماهەنگییە لە چوارچێوەی سنوور و دەسەڵاتەکانی هاتوو لە دەستووردا و بە گوێرەی پێداویستيیەکانی سیستەمی فیدراڵی لە بواری دارایی، حکومەتی هەرێم درێغی ناکات لە هەوڵەکانی لەم بارەیەوە و بە ئەرکی لەپێشینەی دەستووریی و قانونیی خۆی دەزانێت، لەبەرانبەردا ئەرکی حکومەتی فیدڕاڵە کە پابەندیی دەستووریی خۆی جێبەجێ بکات، بە تایبەتیش کە زانیاریی تەواو لەسەر ژمارەی مووچەخۆران و بڕی مووچەکانیان و ئەو یاسا و ڕێنماییانەی کە پەیوەندیدارن هەیە و لە هەمانکاتدا لە ناو خشتەکانی بودجەی فیدڕاڵیشدا بڕە پارەی پێویست بۆ مووچەخۆرانی هەرێم تەرخانکراوە و بەهانەی فرۆشتن و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمیش نەماوە تا شایستەکانی هەرێم ڕابگرن. بۆیە پێویستە مووچەخۆرانی هەرێم، وەک هەموو مووچەخۆرانی پارێزگاکانی عێراق، مانگانە بێ هیچ کێشە و ئاستەنگێک، مووچەکانیان لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێم وەربگرن.
لە هەمان کاتدا هەرێمی کوردستان ڕێکەوتنی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ و وەزارەتی سامانە سروشتیيەکان و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی لەبارەی خەرجیيەکان بە گرنگ زانی تاوەکوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگای بەندەری جەیهان سەرکەوتوو بێت. کە لە 3/25ی ئەمساڵەوە نەوت ڕاگیراوە و زیانی دارایی گەورەی بە داهاتی گشتیی عێراق و هەرێم گەیاندووە.
