بە کۆبوونەوەی نێوان سودانی و عیدانی... حکومەت نەخشەڕێگایەک بۆ خزمەتگوزارییەکان لە باکووری بەسرە دادەڕێژێت
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی سەرۆکایەتی کۆبونەوەیەک کرد بۆ تاوتوێکردنی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە پێشکەش بە قەزاکانی باکوری بەسرە کراوە
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە"سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی کرد بۆ تاوتوێکردنی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە پێشکەش بە قەزاکانی باکوری پارێزگای بەسرە کراوە بە ئامادەبوونی وەزیری ژینگە و پارێزگاری بەسرە و نوێنەرانی وەزارەتەکانی نەوت و پلاندانان.
وتیشی لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ڕێگاکان کرا بۆ چارەسەرکردنی پیسبوونی ئاو و ئاوەڕۆ، و خێراکردن لە دامەزراندنی وێستگەکانی چارەسەر، و دەستنیشانکردنی شوێنی فڕێدانی پاشماوە، و ئەگەری بەکارهێنانی پاشماوە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەسەر پێویستی دابەشکردنی قازانجە کۆمەڵایەتییەکانی چالاکی نەوتی بەشێوەیەکی دادپەرانە کردەوە لەگەڵ گرنگیدانی زیاتر بەو ناوچانەی کە زۆرترین زیانی ژینگەیان بەرکەوتووە، هەروەها بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی نەخۆشخانە کە لەمساڵدا پەسەندکراون، و خێراکردن لە دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی 200 قەرەوێڵەیی، جگە لە تەرخانکردنی زەوی بۆ دروستکردنی بنکەی تەندروستی زیادە کە دابەشکردنی جوگرافیایی بگرێتەوە.
بە ئامانجی پەرەپێدانی ژێرخان، جەخت لەسەر فراوانکردنی چالاکییەکانی تیمی خزمەتگوزاری و ئەندازیاری لە ناوچەکانی باکوری بەسرە کرایەوە لەگەڵ یەکلایکردنەوەی پرسی زەوی لە قەزای سادق، و چارەسەرکردنی هۆکارەکانی دواکەوتنی تەواوکردنی نزیکبوونەوەکانی پردی عزەدین سەلیم، و داوای لە کۆمپانیای جێبەجێکار کرد خێراتر بکات بۆ تەواوکردنی.
سودانی ئاماژەی بەوەکرد کە ئەم کۆبونەوەیە پەیامێکی ئەرێنییە بۆ سەرجەم هاوڵاتیان و بەتایبەت دانیشتوانی قەزاکانی باکوری بەسرە، کە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی خۆجێی و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان چاودێری پێداویستیەکانیان دەکەن و چارەسەر دەدۆزنەوە بۆ جێبەجێکردنیان، بەپێی خشتەی کاتی دیاریکراو.
سەرۆک وەزیران ئامادەبووان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد، کە پلانی کارکردنی ڕوون لەسەر بنەمای دەرئەنجامەکانی کۆبوونەوەکە دابڕێژن و هەماهەنگی لە نێوان دەزگا جێبەجێکارەکان و پارێزگاری بەسرە زیاد بکەن بۆ جێبەجێکردنی چارەسەرە پێشنیار کراوەکان، هەروەها چڕکردنەوەی کۆبوونەوەکان بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی پێشوو.
