بەرهەمهێنانی گاز لە كێلگەی کۆرمۆر دەستیپێکردەوە و ئەمڕۆ بارهەڵگرەکان گازیان لە کێڵگەکە بار کردووە
لە کاتژمێر 12:00ـی شەوی رابردووەوە بەرهەمهێنانی گاز لە كێلگەی گازی کۆرمۆر دەستیپێکردووەتەوە و ئەمڕۆ بارهەڵگرەکان گازیان لە کێڵگەکە بار کردووە.
بەهۆی هێرشەکەوە بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان لە 3500 مێگاواتەوە دابەزی بۆ نزیکەی هەزار مێگاوات.
ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان دوێنێ ڕایگەیاند، دوای 24 کاژێر لە بەرهەمهێنانەوەی گاز لە کۆرمۆر دۆخی کارەبا ئاسایی دەکەنەوە.
هەر بەهۆی هێرشە درۆنییەکەی چەند رۆژێک پێش ئێستا چوار کەس گیانیان لەدەستدا و دووانی دیکەش بریندار بوون کە هاووڵاتی یەمەنی بوون.
شەوی رابردوو کۆمپانیای دانە گاز کە سەرپەرشتیی کێڵگەکە دەکات لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لەگەڵ هاوبەشەکانمان بۆ بەرهەمهێنانەوەی گاز دەستمان بە رێکارەکان کردووە و حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان رێوشوێنی باشتریان بۆ پارێزگاری لە کێڵگەی کۆرمۆر گرتووەتەبەر.
