بەرپرسانی هەرێم شکستیان هێناوە لە دادگاییکردنی دەستدرێژیکاران بۆ سەر مافەکانى ژنان
ڕێکخراوەی لێبوردەی نێودەوڵەتی (ئەمنستی) ڕایگەیاندووە، بەرپرسانی هەرێم شکستیان هێناوە لە دادگاییکردنی دەستدرێژیکاران بۆ سەر مافەکانى ژنان، بە تایبەت لە حاڵەتەکانی وەک کوشتن، دەستدرێژی سێکسی، لێدان و سووتاندن, هەروەها داوای دابینکردنی بوودجەی زیاتر بۆ خزمەتگوزارییەکانی پاراستنی ژنان دەکات.
ئەمنستی ئاشکرای کرد، کە ژنان کاتێک داوایەکى تاوانکاری تۆمار دەکەن، زۆر جار ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە لەلایەن هێرشبەر یاخود خێزانەوە، بۆ ئەوەی ناچاربن دەستبەرداری داواکەببن.
هەروەها ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرەکەدا ڕهخنهى توندیش لە ژمارەیەک دادوهر دەگرێت کە لە بەرژەوەندی پیاوان بڕیار دەدەن، "سزاى هەندێک تاوانبار بەپێی تاوانەکە بڕیاری لەبارەوە نەداوە کە ئەمەش وایکردووە ژنان نایانەوێت بچنە دادگا".
بەگوێرەی ئامارێک کە لەلایەن ڕێکخراوی لێبوردەی نێودەوڵەتییەوە بڵاوکراوەتەوە، لەماوەی ساڵی ڕابردوودا 30 ئافرەت لە هەرێمی کوردستان کوژراون و لەساڵی 2022دا 40 ژن کوژراون نزیکەی شازدە هەزار سکاڵاش لەسەر توندوتیژی خێزانی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە.
