بەرگریی شارستانیی زاخۆ هۆشداری دەدات: لە رووباری خابوور دوورکەونەوە
بەرگریی شارستانیی زاخۆ هۆشداری دەدات کە لە ئەگەری بارانی بەلێزمەدا ئاستی ئاوی رووباری خابوور بەرز دەبێتەوە، داواش لە ئەو ماڵانە دەکات کە نزیکی رووبارەکەن، ماڵەکانیان چۆڵ بکەن لەپێناو سەلامەتییاندا.
لە راگەیێندراوەکەی بەرگریی شارستانیی زاخۆدا هاتووە، بەپێی ئەو زانیارییانەی پێیان گەیشتووە، بەهۆی بارانی بەلێزمە لە سنوورەکەیان ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووباری خابوور هەیە و دەشڵێت، لەپێناو پاراستنی سەر و ماڵی هاونیشتمانیان، داوایان لەو ماڵانە دەکەن کە دەکەونە نزیک رووبارەکە، ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.
ئاماژە بەوەش کراوە، لە ئەگەری دروستبوونی کێشە و ئاستەنگ، پەیوەندی بە ژمارە "115"ی بەرگریی شارستانیی زاخۆ بکەن.
رۆژی هەینی 05-01-2024، کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە دهۆک و سنووری پارێزگاکە "ئەگەری لێزمەباران و نمەباران هەیە" و لە ناوچەکانی دیکە نمەباران و بارانی مامناوەند دەبارێت.
