بەریتانیا هاوڵاتیانی خۆی ئاگادار دەکاتەوە لە ئەگەری هێرشی تیرۆریستی لە وڵاتی سوید
بەریتانیا هاوڵاتیانی خۆی ئاگادار دەکاتەوە لە ئەگەری هێرشی تیرۆریستی لە سوید دوای سوتاندنی قورئانی پیرۆز.
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە بەیاننامەیەکدا رۆژی یەکشەممەی رابردوو ڕایگەیاند، "دەسەڵاتدارانی سوید سەرکەوتوو بوون لە پوچەل کردنی هەندێک لەو هێرشانەی پلانیان بۆ داڕێژرابوو و ژمارەیەک کەسیان دەستگیرکردووە"، هاتووەش، "پێویستە لەم کاتەدا زیاتت وریا بین، ئەگەری زۆرە تیرۆریستان هەوڵ بدەن هێرشی تیرۆریستی لە سوید ئەنجام بدەن و ئەو شوێنانەی کە بیانییەکان سەردانیان دەکەن ئامانجی شیاون".
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی سوید، هێنریک لاندهۆڵم لە بەیاننامەیەکدا پشتڕاستی کردەوە کە ڕێنماییەکانی گەشتکردنی بەریتانیا گۆڕاوە دوای ئەوەی هەڕەشەکان لە سوید زیادیان کردووە لەدوای سوتاندنی قورئان.
لاندرهۆڵم وتیشی:" هەڵسەنگاندنی مەترسییەکان لەسەر بنەمای هێرشەکەی 19ی مانگی حەوت بۆ سەر باڵیۆزخانەی سوید لە عێراق و هەوڵی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەکەمان لە لوبنان لە 9ی ئەم مانگەو هەروەها تەقەکردنی سەر کارمەندێکی کونسوڵخانەی سوید لە تورکیا لە سەرتای مانگی هەشت جێی نیگەرانین".
لەلایەکی ترەوە حکومەتی ئەمەریکا هۆشداری داوە لە ئەگەری هێرشی تیرۆریستی لە سوید.
لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار ڕووداوی سوتاندنی کۆپی قورئان لە سوید ڕوویاندا، کە بووە هۆی شەپۆلێکی گەورەی توڕەیی لە وڵاتە ئیسلامییەکاندا و جووڵە دیپلۆماسییەکان کە ناڕەزایی خۆیان لە دژی دەسەڵاتدارانی سوید دەربڕی بۆ ڕێگەدان بەو جۆرە ڕووداوانە.
