بەرەی گەل لەسەر ڕووداوەکەی لالەزار هاتەدەنگ
بەرەی گەل رایدەگەیەنێت، ماوەی 10 رۆژە "میلیشا لە یاسا دەرچوەكانی یەكێتیی نوێ" بەردەوام لە رەشبگیری و هەڵكوتانە سەر ماڵی لایەنگرانیان و داوا لە سەرۆكی هەرێم دەكات بەزوترین كات دەستوەردان بكات و "ئەو كردەوە نایاسایی و نامڕۆڤانەیەی میلیشیاكانی یەكێتیی نوێ رابگرێت."
بەرەی گەل، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، "رۆژی 22ی ئاب بەبێ بونی هیچ پاساوێكی سیاسی و یاسایی و ئەمنی میلیشیا لە یاسا دەرچوەكانی یەكێتیی نوێ دور لە هەمو بەهاو رێكارێكی یاسایی هەڵیان كوتایە سەر ماڵی سەرۆكی قەوارەی بەرەی گەل و ئەندامی هەڵبژێردراوی پەرلەمانی كوردستان و ئەندامی باڵای ئەنجومەنی ئاسایشی كوردستان، لاهور شێخ جەنگی، دوای شەهیدكردنی ژمارەیەك لە پاسەوانی ماڵەكەی، خۆی و ژمارەیەك لە هەڤاڵەكانی دەستگیركراون كە زۆربەیان تاكو ئێستا چارەنوسیان نادیارە."
ئاماژەی بەوەشداوە، "ماوەی 10 رۆژە میلیشا لە یاسا دەرچوەكان بەردەوامن لە رەشبگیری و هەڵكوتانە سەر ماڵی لایەنگرانی بەرەی گەل."
بەرەی گەل وتوشیەتی، "داوا لە حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم دەكەین، بەتایبەت سەرۆكی هەرێم كە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانە بەزوترین كات دەستوەردان بكات و ئەو كردەوە نایاسایی و نامڕۆڤانەیەی میلیشیاكانی یەكێتیی نوێ رابگرێت. "
ئەوەشی خستۆتەڕو "داواكارین یاسا بەبێ هەژمونی حزبی و كەسی، كاری خۆی بكات، نەك هێزی میلیشایی و ویست و رقی كەسی."
