بەغدا...تۆمارکردنی ١٠٠ حاڵەتی ژەهراویبوون بە خۆراک کە زۆربەیان منداڵن
وەزارەتی تەندروستی وەرگرتنی 100 حاڵەتی ژەهراویبوونی لە پارێزگاکانی بەغدا و ئەنبار ڕاگەیاند، هاوکات جەختی کردەوە کە زۆربەیان چاکبوونەتەوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.
"سەیف بەدر"وتەبێژی وەزارەت،لە لێدوانێکدا کە ئاژانسی هەواڵی موتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە وتی: دوێنێ دامەزراوە تەندروستییەکان نزیکەی سەد حاڵەتی ژەهراویبوونیان لە نێوان منداڵاندا وەرگرتووە کە نیشانەی جیاوازیان تێدا دەرکەوتووە.
ڕوونیشیکردەوە : کە 83 حاڵەت لە پارێزگای ئەنبار و بە تایبەتی لە ناوچەی عامریەی فەللوجە تۆمارکراون، لە کاتێکدا بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ئەبو غرێب 9 حاڵەت و نەخۆشخانەی یەرموک 6 حاڵەتیان وەرگرتووە، بەمەش کۆی گشتی ئەو حاڵەتانەی فەرمانگەی تەندروستی کەرخ وەریگرتوون گەیشتووەتە 15 حاڵەت، ئەوانی تریش لە پارێزگای ئەنبار بوون.
ئاماژەی بەوەشکرد : کە چاودێری پزیشکی پێویست بۆ سەرجەم تووشبووەکان دابینکراوە و وتیشی : زۆربەی حاڵەتەکان دوای باشتربوونی دۆخی تەندروستییان نەخۆشخانەیان جێهێشتووە و تەنها چەند حاڵەتێکی کەم ماونەتەوە،جەختیشی کردەوە کە هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان تۆمار نەکراوە.
وتەبێژی وەزارەت باسی لەوەش کرد کە نیشانەکان زیاتر پەیوەندییان بە کۆئەندامی هەرسەوە هەبووە و تیمی تایبەت ڕەوانە کراون بۆ وەرگرتنی نموونە و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ژەهراویبوونەکە، کە ئایا پەیوەندی بە ژەمە خۆراکێکەوە هەیە یان هۆکاری تر، و ئەنجامە کۆتاییەکانیش دواتر ڕادەگەیەنرێن.
