بەفەرمی... سی و چوارەمین لووتکەی عەرەبی لە بەغدا دەستیپێکرد
کارەکانی سی و چوارەمین لووتکەی عەرەبی، ئەمڕۆ شەممە، لە بەغدای پایتەختی عێراق دەستیپێکرد بە ئامادەبوونی شەش سەرۆک دەوڵەت و بەرپرسانی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ژمارەیەک سەرۆک وەزیران و جێگرەکانیان و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتەکانیان کە نوێنەرایەتی وڵاتەکانیان دەکەن لە کۆبوونەوەکەدا. لووتکەکە بە دانیشتنێکی گشتی دەستیپێکرد کە بە خوێندنەوەی ئایەتەکانی قورئانی پیرۆز دەستیپێکرد و دواتر وتارێکی شانشینی بەحرەین لەلایەن وەزیری دەرەوەی بەحرەین عەبدوللەتیف بن راشد ئال زەیانی پێشکەش کرا وەک سەرۆکی دانیشتنی پێشوو (33) و سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکەی ڕادەستی عێراق کرد.
سەرۆکی شاندی بەحرەین عەبدولەتیف بن راشد ئەلزەیانی لە وتارەکەیدا گوتی " بەحرەین شەرەفمەندی سەرۆکایەتی سی و سێیەمین لووتکەی عەرەبی کرد" ئاماژەی بەوەدا کە لووتکەی بەحرەین چەندین بڕیار و دەستپێشخەری پەسەند کردووە بۆ پەرەپێدانی هاوکاری عەرەبی. ئەلزەیانی ستایشی ڕێکخستنی باشی سی و چوارەمین لووتکەی بەغدای کرد و ئاماژەی بەوەدا کە لووتکەی بەغدا لە نێو تەحەدایەکی گەورەی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا بەڕێوە دەچێت. هەروەها پشتیوانی وڵاتانی عەرەبی بۆ کاندیدکردنی بەحرەین بۆ بەدەستهێنانی کورسیەکی ناهەمیشەیی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرزنرخاند.
