بەهۆی ئەگەری درووستبوونی لافاو پشوو لە پارێزگای هەڵەبجە و چەند شارێکی کوردستان ڕاگەیەندرا
دوای ئەوەی وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە ئازادی دا بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەکانی هەرێم بە ڕاگەیاندنی پشوو بەگوێرەی ئەو کەشوهەوایەی ناوچەکانیان تێدەپەڕێت، لە پەروەردەکانی پارێزگای هەڵەبجە و پێنجوێنێش پشوو راگەیاندرا.
هەروەها ئەو بەڕێوەبەرایەتیانەى تاوەکو ئێستا دەوامى سبەی یەکشەممەیان کردووە بە پشوو لەترسی باران بارینی بەخۆڕ و درووستبوونی لافاو بریتیین لە: بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سەیدسادق، هەروەها پەروەردەکانی شارەزوور و شارباژێر، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پارێزگای هەڵەبجەو ئیدارەی ڕاپەڕین و پێنجوێن.
لەگەڵ بارانبارین و ئەگەری دروستبوونی لافاو، وەزیری پەروەردە بڕیاری لەسەر پشووی سبەی یەکشەممە دا.
ئالان حەمە سەعید لە لێدوانێکی بۆ کەناڵێکی پارتی لەبارەی پشووی سبەی یەکشەممەوە وتی: بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە لە پارێزگاو ئیدارەو قەزاکان راسپێردراون کە سەرپشکن لەبڕیاردان لەسەر پشووی بەیانی بەپێی ئەو کەشوهەوایەی ناوچەکەیان تیایدا تێدەپەڕێت.
لەمڕۆوە شەممە شەپۆلێکی باران بارین رووی لەهەرێم کردووەو پێشبینی دەکرێت لە هەندێک ناوچەی هەرێم نزیکی 35ملم باران ببارێت و ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و دروستبوونی لافاو، بەپێی پێشبینییەکان کە لەلایەن پسپۆرانی کەشناسیەوە راگەیاندراوە پێشبینی دەکرێت لە هەولێر و هەندێک شوێنی دی هەرێم لافاو دروستبێت.
كلمات مفتاحية
- هەرێمی کوردستان
- هەڵەبجە
- بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی هەڵەبجە
- پێنجوێن
- شارباژێڕ
- ڕاپەرین
- وەزارەتی پەروەردە
- پشوو
