ترەمپ فەرمان بە سوپای ئەمریکا دەدات دەست بە دروستکردنی قەڵغانێکی بەرگری مووشەکی بکات
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە فەرمان بە سوپا دەدات دەست بە دروستکردنی قەڵغانێکی بەرگری مووشەکی بکات بە ناوی "بەرگری ئاسنین" و گوتیشی: "لە ئەمریکا دروست دەکرێت".
پێشتر ترەمپ بەڵێنی دابوو "بەرگریی ئاسمانی بەهێز" بۆ بەرگری لە مووشەکی پێشکەوتوو لەدەوروبەری ئەمریکا دروست بکات.
هەروەها سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ ڕۆژی یەکشەممە لە دیدارێکی لەگەڵ لایەنگرانی پێش ڕۆژی سوێندخواردنی و دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنی دا "بە خێرایی و بەهێزێکی بێ وێنە" هەنگاو بنێت بۆ "ڕاگرتنی کۆچبەران لە سنووری ئەمریکا و ڕاگرتنی کۆچ بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان".
ئەمەش لەکاتێکدا بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 2025/1/20، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سوێندی یاسایی بۆ دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی 47هەمینی ئەمریکا ئەنجامبدات، دوای بردنەوەی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە.
