ترەمپ هەڕەشە لە ئێران دەكات
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە لێدوانێکی هەڕەشە ئامێزدا رایگەیاند ئەگەر تاران هەوڵی تیرۆرکردنم بدات،ئەوا دەیسڕینەوە، بەڵام لەهەمان کاتدا ئامادەیی خۆشی بۆ دیدار لەگەڵ مەسعود پزیشكیان سەرۆکی ئەو وڵاتە دەربڕی، ئەوەش لەكاتی واژۆكردنی یاداشتێكدا بۆ سەپاندنەوەی "سزا توندەکان" بەسەر ئێراندا، دەشڵێت، "ئێران زۆر نزیکە لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، بۆیە ئەمریكا مافی خۆیەتی ڕێگری لێبكات".
دۆناڵد ترەمپ، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا لە كۆشكی سپی ڕایگەیاند، "من ڕێنماییەکانم بەجێهێشت، ئەگەر ئێران هەوڵی تیرۆری بكات، پێویستە ئەمریكا ئەو کارە بكات، بیانسڕێتەوە، هیچیان لێ نامێنێتەوە".
ئاماژەی بەوەشكرد، بە نیازە سیاسەتی "زۆرترین فشار" بۆ سەر ئێران دەستپێبکاتەوە، ئەوەش بەهۆی "هەوڵەکانی بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی "، بەڵام ڕایگەیاند کە هیوادارە پێویستی بە بەکارهێنانی ئەم سیاسەتە نەمێنێت.
ئەو لێدوانانە لەکاتێکدایە کە یاداشتێکی واژۆکرد بۆ سەپاندنەوەی سزا توندەکان بەسەر ئێراندا، هاوشێوەی ئەوەی لە خولی یەکەمیدا ڕویدا.
سەرۆکی ئەمریکا هەندێک پەشیمانی خۆی لەو ڕێوشوێنە توندانە دەربڕی و وتی، "ئەمە شتێکە کە من لێی ناڕەحەتم، هەموان دەیانەوێت واژۆی بکەم، ئەو کارە دەکەم، ئەمە زۆر سەختە بەرامبەر ئێران".
دەشڵێت، "هیوادارم پێویست نەکات زۆر بەکاری بهێنم، دڵخۆش نیم بە ئەنجامدانی، بەڵام بژاردەیەکی زۆرم لەبەردەستدا نییە، چونکە دەبێت بەهێز بین. دەمانەوێت بزانین كە دەتوانین بگەینە ڕێککەوتنێک یان نا، کاردەکەین بۆ ئەوەی ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران بکەین و هەموان پێکەوە بژین".
لە لایەکی دیکەوە سەرۆکی ئەمریکا ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ دیدار لەگەڵ پزیشكیان، بۆ ئەوەی هەوڵی ڕازیکردنی تاران بدات كە دەستبەرداری ئەو شتانە بێت کە واشنتن پیان دەڵێت؛ "هەوڵەکان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی".
ترامپ ڕونیکردەوە، ئێران "زۆر نزیکە لە دروستكردنی چەکی ئەتۆمی"، هەروەها " ئەمریکا مافی ئەوەی هەیە ڕێگری لە فرۆشتنی نەوتی ئێران بە وڵاتانی دیکە بکات".
