ترەمپ: ڤەنزوێلا بەڕێوەدەبەین و کۆمپانیا نەوتییەکانمان دەنێرین بۆ ئەوێ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، لەسەر فەرمانی ئەوە هێزەکانی ئەمریكا هێرشێکی بێوێنەیان کردە سەر كاراكاسی پایتەختی ڤەنزوێلا و سەرۆكی ئەو وڵاتەیان دەستگیركرد بەبێ ئەوەی هیچ سەربازێکی ئەمریکی بكوژرێت، دەشڵێت، "ئێمە ڤەنزوێلا بەڕێوەدەبەین و کۆمپانیا نەوتییەکانمان دەنێرین بۆ ئەوێ".
دۆناڵد ترەمپ، ئەمشەو لە کۆنگۆیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی هێرشەکەی سەر ڤەنزوێلا و دەستگیریکردنی نیكۆلاس مارودۆ ڕایگەیاند، لەسەر فەرمانی من، هێزەکانمان هێرشێکی بێوێنەیان کردە سەر پایتەختی ڤەنزوێلا و ئامانجی هێرشەکەمان لە ناوبردنی نیکۆلاس مادورۆی "دیکتاتۆر" و پەلکێشکردنی بۆ دادگا بو، کە لە شەوێکی تاریک دەستگیرکرا و بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لە نیویۆرک دادگایی دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئێمە وڵاتی ڤەنزوێلا بەڕێوەدەبەین تا ئەو کاتەی گواستنەوەیەکی ئاشتیانە و دروست لە دەسەڵاتدا ڕو دەدات، ئەوە خواستی ئێمەیە بۆ گەلە مەزنەکەی ئەو وڵاتە و ئێمە لەوێ دەمێنینەوە تا ئەو کاتەی هەلومەرجەکە دەگۆڕێت و دۆخەکە گونجاو دەبێت، نامانەوێت تێوە بگلێین لەوەی کەسێکی دیکە بێتە شوێنی مارودۆ و لە کۆتاییدا توشی هەمان دۆخی ئێستا ببینەوە.
ترەمپ لەبارەی كەرتی نەوت ئەو وڵاتەشەوە وتی، "ئێمە کۆمپانیا گەورەکانی نەوت دەبەینە ڤەنزوێلا، بۆ ئەوەی ملیارەها دۆلار خەرج بکەن و ژێرخانی ئەو وڵاتە چاک بکەنەوە و داهات بۆ وڵاتەکە پەیدا بکەن".
ترەمپ هەروەها هەڕەشەی ئەوەی کرد کە هێزەکانی ئەمریکا دەتوانن بەشی دوەمی هێرشەکان بۆ سەر ڤەنزوێلا ئەنجامبدەن و ئەگەر پێویست بکات "زۆر گەورەتر" دەبێت.
