ترەمپی خەوتو؛ وێنەکانی سەرۆكی ئەمریكی کۆشکی سپی ناچار بە وەڵامدانەوە دەکات
وێنەکانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، کە تێیدا وا دەردەکەوێت خەوتبێت لە کاتی بۆنەیەکی فەرمیدا لە نوسینگەی ئۆڤاڵی كۆشكی سپی، شەپۆلێک لە كاردانەوە و مشتومڕی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دروستکرد و کۆشکی سپی ناچارکرد ڕونكردنەوە بدات.
دوای بڵاوبونەوەی ژمارەیەك وێنەی ترەمپ، كە وادەردەكەوێت خەوتبێت. تایلۆر ڕۆجەرز، وتەبێژی کۆشکی سپ، نکۆڵی لەوەکرد کە سەرۆک لە کاتی بۆنەکەدا خەوتبێت، جەختی لەوەکردەوە کە "ترەمپ بە فراوانی قسەی کردوە و وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنامەنوسانی داوەتەوە، لە کاتی ڕاگەیاندنێکدا کە بە دەستکەوتێکی مێژویی دادەنرێت و دەرمانی پێویست بە نرخی کەمتر بۆ ملیۆنان ئەمریکی دابین دەکات".
ڕەخنەگران وێنەکانی ترەمپ، کە بە فراوانی لە ئینتەرنێتدا بڵاوبونەوە، بە نیشانەی "ماندوێتی و کەمی تەرکیز" دەزانن، لە کاتێکدا ئیدارەی ئەمریکا جەختی لە "ئامادەیی تەواوی سەرۆک" کردەوە. كە ترەمپ 79 ساڵ لە دیمەنەکانی بۆنەکەدا کە ڕۆژی پێنجشەممە بەڕێوەچو، لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسدا بەشداری لە ڕاگەیاندنی کەمکردنەوەی نرخی دەرمانی چارەسەری قەڵەویدا کرد.
لە کاتی بۆنەکەدا، ترەمپ چاوەکانی دادەخست یان ڕەنگە خەوتبێت و هەندێک جار بە زەحمەت چاوەکانی بە کراوەیی دەهێشتەوە. گافین نیوسۆم، حاکمی ویلایەتی کالیفۆرنیا لە پلاتفۆرمی "X" لەسەر وێنەکان کۆمێنتێکی کرد و وتی، "ترەمپی خەوتو گەڕایەوە"، ئاماژەیەکی گاڵتەجاڕانە بۆ سەرۆکی کۆمارییەکان کە زۆر جار هێرش کردوەتە سەر جۆو بایدنی پێش خۆی و بە "خەوتو" وەسفی کردوە.
تایلۆر ڕۆجەرز وتەبێژی کۆشکی سپی دەشڵێت، "لە بەری ئەوەی سەرنج بخەنە سەر ڕوداوە گرنگەكە، میدیای لیبراڵی شکستخواردو بەردەوامە لە بڵاوکردنەوەی گێڕانەوەی هەڵە کە لە خزمەت هاوڵاتیانی ئەمریکادا نیە".
