تورکیا دەیەوێت شاری کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستان داگیر بکات
نوێنەری ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان لە ئەورووپا، لە دیداری پەرلەمانتارانی ئەورووپی سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر کۆبانی و ناوچەکانی هاوسنوور لەگەڵ تورکیا هوشداری دا و داوای کرد بە وەستاندنی خێرای ئەو هێرشانە.
عەبدولکەریم عومەر، نوێنەری ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ئەورووپا، لە دیداری پەرلەمانتارانی پارتە چەپەکانی ئورووپا لە ستراسبۆرگ وتی: پێویستە بۆ پێکهێنانی سووریایەکی دیموکرات، هەموو گەلانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و بەتایبەت کوردەکان لەو پڕۆسەدا بەشداریان پێ بکرێت.
ناوبراو لە بەشێکی تر لە لێدوانەکانی بە ئاماژە بە پەلامارەکانی تورکیا و ملیشیا پاڵپشتکراوەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و لێکەوتنەوەی کارەسات گەلێکی وەک پرسی ئاوارەکان، وتیشی: ئێستا تورکیا ڕووی لە کۆبانی ناوە کە هێمای بەرخۆدان و ئازادی لە بەرامبەر داعشە و ئەو هێرشانە دەتوانێ ببێتە هۆی ئازادکران و هەڵاتنی هەزاران زیندانی داعشی لە زیندانیەکاندت و ئەمەش دوابەدوای کارەساتباری بۆ ناوچە و جیهان دەبێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەتایبەتی دوای ڕووخانی ڕژێمی سووریا بە سەرۆکایەتی بەشار ئەسەد و گرتنی دەسەلات لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەربە تورکیا، هێزەکانی تورکیا بە چڕی ڕۆژئاوای کوردستان بۆردوومان دەکەن و پێشینی ئەوە دەکرێت لە چەند ڕۆژی داھاتوودا سووپای تورکیا هێرشبکاتەسەر شاری کۆبانێ بەمەبەستی داگیرکردنی.
