تورکیا پێشوازی له ئاگربهستی كاتی له غهززه دهكات
سەرۆک کۆماری تورکیا پێشوازی لە راگەیاندنی ئاگربەستی کاتی لە غەززە دەکات و داوا لە وڵاتان دەکات دەستپێشخەر بن لە بابەتی چارەسەرکردنی کێشەکە لەرێگەی دامەزراندنی دوو دەوڵەتی سەربەخۆ.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، بە پەیامێکی ڤیدیۆیی بەشداریی لە کۆبوونەوەی وڵاتانی جی-20 کرد و رایگەیاند، رێککەوتن لەسەر ئازادکردنی بارمتەکان پێشهاتێکی ئەرێنییە و هیواخوازە ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی راگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی.
ئەردۆغان ههروهها گوتی: "ئەو تراژیدیایەی لە غەززە و خاکی داگیرکراوی فەڵەستین روودەدات، سنووری بەرگەگرتنی مرۆڤایەتیی تێپەڕاندووە". گوتیشی: "ئامادەین بەرپرسیاریەتی وەربگرین وەک وڵاتی گەرەنتیکار یان هەر بەرپرسیارییەتییەکی دیکە لەگەڵ وڵاتان لەپێناوی رێکخستنەوەیەکی ئەمنی لەو ناوچەیە".
ئهردۆغان راشیگهیاند، ئیسرائیل بەڕادەیەک کۆنترۆڵی خۆی لەدەستداوە، تەنانەت هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دەکات".
ئهوهشی خستهڕوو، خەڵکی فەڵەستین رووبەڕووی کۆچی زۆرەملێ بوونەتەوە، تەنانەت نەخۆشخانە و مزگەوت و قوتابخانەکانیش کە لەلایەن فەڵەستینییەکانەوە بۆ خۆ حەشاردان بەکاردێت، لەلایەن ئیسرائیل دەکرێنە ئامانج.
دواجار گوتی: "داواتان لێدەکەم دەستپێشخەر بن لە بابەتی چارەسەرکردنی کێشەکە لەرێگەی دامەزراندنی دوو دەوڵەتی سەربەخۆ".
