تورکیا ڕاگرتنی گەشتە فرۆکەوانیەکان بۆ سلێمانی درێژکردەوە و یەکێتیی ئەم بڕیارە ئیدانەی دەکات
فراکسیۆنی یەکێتیی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، درێژکردنەوەی ئابلوقەی ناڕەوای سەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بۆ ماوەی شەش مانگی تر ئیدانە دەکەین.
لە بەیاننامەی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هاتووە، ئەم بڕیارە هیچ پاساوێکی یاسایی و هونەری و خزمەتگوزاری و ئەمنی نیە و پێچەوانەی رێکەوتننامە و بنەما نیودەوڵەتییەکانە لە بواری فرۆکەوانی مەدەنیدا و بڕیارێکی سیاسیە، "لەهەمان کاتدا نیگەرانین لەئاست بێدەنگی حکومەتی فیدرال و حکومەتی هەرێم و داوایان لێدەکەین بەراشکاوی هەڵوێستیان رابگەیەنن و روونی بکەنەوە لەماوەی دوو ساڵدا کە ئابلوقە لەسەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی سەپێندراوە چ هەنگاوێکیان ناوە. لەکاتێکدا چەند لیژنەیەک لە پەرلەمان و حکومەتەوە لەرابوردودا هاتوونەتە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و لەراپۆرتەکانیاندا سەلماندوویانە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی هیچ گرفتێکی ئەمنی و خزمەتگوزاری و یاسایی نیە".
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە تورکیا بڕیاریدا ڕاگرتنی گەشتەکانی بەڕووی فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ ماوەی شەش مانگی تر دوابخات دوای نزیکی دوو ساڵ لە ڕاگرتنی گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی بەبیانووی پاڵپشتی دەسەڵاتدارانی سلێمانی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و پەکەکە.
تورکیا راگرتنی گەشتەکانی بۆ سلێمانی شەش مانگى دیکە و واتە تا ڕۆژى 71ى مانگى 7ـى ئەمساڵ درێژکردووەتەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە، پێشتر چوار جار تورکيا ڕاگرتنى گەشتەکانى لەگەڵ فڕۆکەخانەى سلێمانى درێژکردەوە بەبیانووی پاڵپشتی سلێمانی لە پەکەکە و شەڕڤانان لە ڕۆژئاوای کوردستان.
