تەرمی چەند کۆچبەری کورد لە دەریای ئیتاڵیا دۆزرایەوە
ئاژانسی فەرمی هەواڵی ئیتاڵیا بڵاویکردەوە، "دوای نوقمبوونی بەلەمی کۆچبەران، کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر نزیکەی 120 میل دەریایی لە کەناراوەکانی کالابریا ڕوویدا، ئێستاش بەلەمەکە نیمچە ژێرئاوکەوتووەکە دیارەو ئەمڕۆ شەش تەرمیان دەرهێناوەتەوە".
ئاژانسی فەرمی ئیتاڵیا ئاماژەی بەوەشکرد، گەڕان بەشوێن تەرمەکاندا بەردەوامەو جگە لە کەشتی پاسەوانی کەناراوەکان، فڕۆکەی سیخوڕی مانتا و فڕۆکەکانی دیکەش بڕیارە ئەمڕۆ بەسەر ناوچەی ڕووداوەکەدا بفڕن، بە هەماهەنگی سەنتەری ڕزگارکردنی دەریایی لاوەکی لە ڕێجیۆ کالابریا.
هەفتەی رابردوو 70 کۆچبەر لە تورکیا بەرەو ئیتاڵیا بەرێککەوتن، لە رۆژی سێشەممە ئەو کۆچبەرانە شوێنی جوگرافی بەلەمەکەیان بڵاوکردەوە کە بەسەلامەتی ئاوی یۆنانیان تێپەڕاندووە. چالاکوانی بواری کۆچبەران، رەنج پشدەرى لە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ میدیای کوردسات وتی: دوای سێشەممە (11ـی حوزەیرانی 2024) بەلەمەکە دیار نەماوە و رۆژی پێنجشەممە دوای ئاگادارکردنەوەی پۆلیسی ئیتاڵیا، دەرکەوتووە کە بەلەمەکەیان نوقوم بووەو لە ئەنجامدا 60 کەسیان خنکاون.
لەو ژمارەیە 35 کۆچبەریان کوردی هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستانن، ئەوانەی دیکە ئێرانی و ئەفغانین، 10 کەسیش رزگارکراون و رەوانەی نەخۆشخانە کراون و رەوشی تەندروستییان ناجێگیرە.
