تەمویلی مووچەی مانگی شوبات خرایەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان
تەمویلی مووچەی مانگی شوبات خرایەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، دوای دوو هەفتە بەسەر تێپەڕبوونی مانگی شوبات، لەکۆتاییدا وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران ڕاگەیاند، ئەوەش دوای ئەوەی پارە خرایەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە.
وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیادووە، کە بڕی 957,925,880,078 دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایەسەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق، ئەوەش ئەو بڕە تەموویلە بوو کە لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە بۆ مووچەی مانگی شوبات داواکرابوو و بەبێ هیچ لێبڕینێک خەرج کرا.
بڕیارە سبەی پێنجشەممە 13ـی ئاداری 2025، دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و لەچەند ڕۆژێکدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش دەکرێت.
