جارێکی تر دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای باری کەسێتی دەخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانی عێراق
سەرەڕای رێگرییەکان بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە جارێکی تر دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای باری کەسێتی بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانی عێراقەوە، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت: "ئەگەری هەیە لەم دانیشتنە دا یاساکە هەموار بکرێتەوە".
بڕیارە ئەمڕۆۆ سێشەممە 21ـی کانوونی دووەمی 2025، جارێکی تر دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای باری کەسێتی بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانی عێراقەوە، بە وتەی پەرلەمانتارێک، چەند گۆڕانکارییەک لە هەموارەکە کراوە.
ئومێد محەممەد، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی لەمبارەیەوە بە ڕۆژنامەی بە نەوژینی راگەیاندووە: چەند گۆڕانکارییەک لە بڕگەکانی هەموارەکە کراوە، بەشێوەیەک تەمەنی هاوسەرگیری بۆ کچان لە 9 ساڵی یان 12 ساڵیەوە بۆ 15 ساڵر بەرزکراوەتەوە، لەگەڵ ئەوەدا مەرج بۆ هاوسەرگیرییەکە دانراوە، کە دەبێت بەخێوکەری کچەکە رەزامەند بێت.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە پێشتر پەرلەمانتارە شیعەکان ویستویانە ئەم یاسایە هەموار بکرێت و بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە ڕێگە بە مارەکردنی کچ دەدات لە تەمەنی 9 ساڵیەوە، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی زۆر لەلایەن کۆمەڵگەی عێراقی، هەمواری ئەم یاسایە دواخرابوو.
