جامی جیهانی یانەکان ... ریاڵ مەدرید بە سێ گۆڵی بێوەڵام لە ساڵزبۆرگی بردەوە
لە جامی جیهانی یانەکان و لە کۆمەڵەی هەشتەم، ریاڵ مەدرید و ساڵزبۆرگ ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە.
لە گێمی یەکەم، ریاڵ مەدرید سەرباری ئەوەی بەشێوەیەکی باش دەرکەوت و لە خولەکی 40 ڤینیسیۆس گۆڵی یەکەمی بۆ تۆمارکرد، هەشت خولەک دواتر ڤاڵڤێردی بۆ دووەمجار تۆڕی گۆڵی ساڵزبۆرگی هەژاند و ئەو گێمەش بەو ئەنجامە کۆتایی پێهات.
لە گێمی دووەم، ساڵزبۆرگ باشتر بینران، چەندین هێرشی یەک لە دوای یەکیان برد بەڵام لە گۆڵ تۆمارکردن سەرکەوتوو نەبوون، لە بەرامبەردا لە خولەکی 84 گۆنزالۆ گارسیا سێیەم گۆڵی یانە مەدریدییەکەی تۆمارکرد و سەرەنجامیش بە سێ گۆڵی بێوەڵام بردنەوەیان بەدەستهێنا.
لە یارییەکی تری هەمان کۆمەڵەشدا، هیلالی سعودیە بە دوو گۆڵی بێوەڵام شکستی بە پاچوکای مەکسیکی هێنا.
بەم ئەنجامانەش، ریاڵ مەدرید بە کۆکردنەوەی حەوت خاڵ وەک پێشەنگی کۆمەڵەکەی گەیشتە قۆناغی 16، هیلالیش بە پێنج خاڵەوە وەک پلەی دووەم گەیشتە هەمان قۆناغ.
