جامی کاراباو.. نیوکاسل گەیشتە یاری کۆتایی و ئارسناڵ ماڵئاواییکرد
لە جامی کاراباو نیوکاسل بردنەوەی بەسەر ئارسناڵ بەدەستهێنا و گەیشتە یاری کۆتایی، ئەمشەویش لیڤەرپوڵ رووبەڕووی تۆتنهام دەبێتەوە.
لە یاری گەڕانەوەی قۆناغی پێش کۆتایی جامی کاراباو، یانەی ئارسناڵ لە دەرەوەی یاریگای خۆی بووە میوانی یانەی نیوکاسل یونایتد.
لە تایمی یەکەمدا و لە خولەکی 19 مێرفی گۆڵێکی بۆ نیوکاسل تۆمارکرد و ئەو تایمە بەو تاکە گۆڵە کۆتاییهات.
لە تایمی دووەمدا و لە خولەکی 52 ئەنتۆنی گۆردۆن گۆڵێکی تری بۆ نیوکاسل تۆمارکرد و سەرەنجام بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر یارییەکەیان بردەوە.
دوای یارییەکانی چوون و گەڕانەوە، یانەی نیوکاسل یونایتد بە ئەنجامی چوار گۆڵی بێبەرامبەر گەیشتە یاری کۆتایی جامەکە، ئارسناڵیش ماڵئاواییکرد.
ئەمشەویش لە دووەم یاری گەڕانەوەی هەمان قۆناغ، هەردوو یانەی لیڤەرپوڵ و تۆتنهام رووبەڕووی یەکدەبنەوە و یانەی گەیشتوو بە یاری کۆتایی بۆ رووبەڕووبونەوەی نیوکاسل دیاریدەکەن.
