جووت سایدى ڕەشکینى نێوان هەردوو شەقامى سەد مەتری و سەدو بیست مەترى کرایەوە
ئەمڕۆ سێشەممە) 17ـی تشرینی یەکەمی 2023)، وەزیرى شارەوانى و پارێزگارى هەولێر، لە ڕێورەسمێکدا جووت سایدى ڕەشکینى نێوان هەردوو شەقامى سەرەکى 100 مەتری و 120 مەترى کردەوە.
جووت سایدى ڕەشکین پێکهاتووە لە شەقامێکی دووساید بە درێژاییی دوو كیلۆمەتر و پانیی 36 مەتر، لەگەڵ دروستكردنی نزیكەی سێ كیلۆمەتر ئاوەڕۆ، لەم پڕۆژەیەدا زیاتر لە دوو هەزار مەتر قیڕ بەکارهێنراوە و هێڵكاری بۆ شەقامەکە كراوە، ئەو شەقامە کە شەقامێکى سەرەکى شارى هەولێرە، هەردوو شەقامی سەرەکى 100 مەتری و 120 مەتری و سەنتەری شار بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
لە ڕێورەسمى کردنەوەى شەقامەکە، لە گۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانى هاوبەشدا هەریەک لە وەزیرى شارەوانى و پارێزگارى هەولێر باسیان لە گرنگى شەقامەکە کرد و پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند: "ئەو شەقامە بۆ شاری هەولێر گرنگییەكی زۆری هەیە و جوانییەکی گەورەشى بە شاری هەولێر بەخشیووە، هەموو خزمەتگوزارییەكانی شەقام و هاتوچۆی تێدایە و لەمڕۆوە دەكەوێتە خزمەت و دەبێتە هۆی ئاسانكارییەکى زۆر بۆ هاتوچۆى شۆفێران و هاوڵاتییان لە نێوان هەردوو شەقامی سەرەکى 100 مەتری و 120 مەتری بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و ناو سەنتەری شاری هەولێر".
