جێگری سەرۆکی هەرێم پێشوازی لە کونسولی گشتیی نوێی کۆریای باشوور کرد
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٤/٢/٥ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە سینچۆل لیم، کونسولی گشتیی نوێی کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان کرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێم لە دیدارێکدا جێگری سەرۆک، پیرۆزباییی دەستبەكاربوونی لە سینچول لیم کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست، هەروەها سەرەتای پەیوەندییەکانی هەرێمی كوردستان و کۆریای باشووری بۆ کاتی ڕووخانی ڕژێمی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ گەڕاندەوە کە وەک هێزی (زەیتوون) سوپای کۆریای باشوور ڕۆڵیان لە ئازادکردنی عێراق و کارکردن لە بواری ئاشتیپارێزی و ئەرکەکانی دیکەی پەیوەست بە ئاوەدانکردنەوە، بەتایبەت کەرتەکانی پەروەردە و تەندروستی و سێکتەری وزە، هەبوو.
لای خۆیەوە کونسولی گشتیی کۆریای باشوور، سوپاسی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد و خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی کە لە هەرێمی کوردستان وەکو کونسولی گشتیی وڵاتەكەی دەستبەکار بووە، هەروەها جەختی لە پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندیی دۆستانەی کۆریای باشوور لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە گشت بوارەکاندا، كردەوە.
