حاڵەتی پەلاماردان و گەستنى سەگی بێلانە بۆ سەر هاووڵاتییان کەمیکردووە
لە 30% حاڵەتی پەلاماردان و گەستنى سەگی بێلانە بۆ سەر هاووڵاتییان کەمیکردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە بەسەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پاریزگارى هەولێر و بەمەبەستى بەدواداچوون بۆ پڕۆسەی کۆکردنەوەی سەگى بێلانە لەناو شار و دەرەوەی شار و کەمکردنەوە و نەهێڵانییان لە سەر شەقام و ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان و گواستنەوەیان بۆ شلتەرى هەولێر کۆبوونەوە ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لە بارەى چۆنیەتى بەڕێوەچوونى پڕۆسەکە لەلایەن تیمەکانى خزمەتگوزارى ژینگە پارێزییەوە کرا، هەروەها بەپێى ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر هاتووە کە ئامارە تەندروستییەکان لە سنوورى پارێزگاى هەولێر دەریانخستووە کە حاڵەتی پەلاماردان و گەستن لەلایەن سەگی بێلانەوە بۆ سەر هاووڵاتییان لە 30% کەمیکردووە.
شایەنی باسە، لە ئێستاشدا هەڵمەتى کۆکردنەوەی سەگى بێلانە لە سنوورى پارێزگاى هەولێر دەستى پێکردووە و تائێستا توانراوە زیاتر لە 1000 سەگى بێلانە کۆبکرێتەوە و بگوازرێتەوە بۆ شلتەرى هەولێر، لەو ژمارەیەشدا زۆربەی ئەو سەگانە بۆ چارەسەر و ڕێگریکردن لە کێشەی زۆرربوونیان لەلایەن پزیشکى ڤێرتەرنەری شارەزاوە لە رێگەی نەشتەرگەریی پزیشکییەوە ڤاکسین و خەساندنیان بۆ کراوە.
