حکومەت رێنمایی دەدات بە پەرەپێدانی خزمەتگوزاری بانکی لە نێوان عێراق و ئەمریکا
ئەمڕۆ شەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد کە تایبەت بوو بە لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییە ئابووری و بازرگانییەکانی بڕیارەکەی حکومەتی ئەمریکا بۆ زیادکردنی باجی گومرگی، هاوکات رێنمایی دا: “بە پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە بانکییەکان لە نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا”.
ئەمڕۆ شەممە ، نوسینگەی راگەیاندی سەرۆك وەزیران، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی بۆ تاوتوێکردنی کاریگەرییە ئابووری و بازرگانییەکانی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریکا بۆ زیادکردنی باجی گومرگی لەسەر هاوردەکردنی کاڵا لە سەرانسەری جیهان كرد، كە تێیدا كاریگەری بڕیارەكە لەسەر ئابووری جیهان، نرخی نەوتی خاو و ئابووری عێراق تاوتوێ کران.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە داتا دیجیتاڵییەکاندا کرا کە لە وەزارەتی بازرگانییەوە دەرچووە، کە دەرکەوتووە بەرزبوونەوەی رێژەی سەدی گومرگی ئەمریکا لەسەر کاڵای عێراقی لەسەر بنەمای جیاوازی هاوسەنگی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات بووە، نەک لەسەر بنەمای باجی گومرگی کە عێراق بەسەر کاڵای ئەمریکیدا سەپاندووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، داتاکانی وەزارەتی بازرگانی ئاشکرای دەکەن، زۆرینەی هاوردەکردنی کاڵای ئەمریکی بۆ عێراق، سەرچاوەكەی لە بازاڕەکانی وڵاتانی دیکەوەیە، ئەوەش لە ئەنجامی هەندێک سیاسەتی کۆمپانیا ئەمریکییەکانە لە مامەڵە بازرگانییەکانیان لەگەڵ عێراقدا پەیڕەو دەکرێت.
لەبەر رۆشنایی ئەو راستیانە و لەپێناو دەستەبەرکردنی باشترین رێگا بۆ پەرەپێدانی ئابووری عێراق،سەرۆک وەزیرانی رێنمایی کرد کە رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر، بەگوێرەی بەرژەوەندییە باڵاکانی ئابووری عێراق.
رێوشوێنەكانی حكومەتی عێراق:
١- کارکردن بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییە هاوبەشەکان، لەرێگەی کردنەوەی دەرچە بۆ دابەشکاران و بازرگانییە ئەمریکیەکان، چالاککردنی بازرگانییە عێراقییەکان و مامەڵەی بازرگانی راستەوخۆ لە نێوان کەرتە هاوتاكان لەگەڵ ئەمریکا.
٢- کارکردن بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزاری بانکی لە نێوان کەرتی بانکی و دارایی عێراق و ئەمریکا، بە شێوەیەک کە بەدیهێنانی بەرژەوەندی ئابوری هاوبەش مسۆگەر بکات.
٣- ئاڕاستەکردنی تیمی دانوستانکار لەگەڵ لایەنی ئەمریکی بۆ پێداچوونەوە بە بناغەکانی پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا، بە ئامانجی باشترکردن و دڵنیابوون لە بنیاتنانی پەیوەندییەكی هاوسەنگی ئابووری و بازرگانی کە گەرەنتی بەرژەوەندی هاوبەشی نێوان هەردوولا بکات.
٤- وەزارەتەکانی دەرەوە، دارایی، بازرگانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان، هەنگاو بێن بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەگەڵ کەرتی ئەمریکی بۆ دڵنیابوون لە بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان، هەروەها چاودێریکردنی بازاڕە داراییەکان و شارەزایی ئابووری و پێشکەشکردنی راپۆرتی هەفتانە بە نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق.
