حکومەتی ئەڵمانیا کار لەسەر ڕێککەوتنی کۆچ لەگەڵ لانیکەم شەش وڵات دەکات
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا ڕایگەیاند كه حکومەتی ئەڵمانیا کار لەسەر ڕێککەوتنی کۆچ لەگەڵ لانیکەم 6 وڵات دەکات بۆ ئاسانکاری دەرکردنی کۆچبەرانی نایاسایی، لە بەیاننامەکەدا وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا ناوی ئەو وڵاتانەی ناوە: "جۆرجیا، مۆڵدۆڤا، کینیا، کۆڵۆمبیا، ئۆزبەکستان و قرغیزستان".
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا لە بەیاننامەکەدا ڕاشیگەیاند، ئەم ڕێککەوتنانە ڕێوشوێنەکانی گەڕاندنەوەی ئەو پەنابەرانە ئاسان دەکەن کە لە ئەڵمانیا داوای مافی پەنابەرێتییان ڕەتکراوەتەوە.
شایەنی باسە کە لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا ئەڵمانیا بە شێوەیەکی چالاکانە گفتوگۆی لەسەر ئەگەری ڕێگریکردن لە لێشاوی کۆچبەران کردووە، هەروەها وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا "نانسی ڤیزێر" هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند کە ئەڵمانیا کۆنترۆڵی سنوورەکان لەگەڵ پۆڵەندا و کۆماری چیکدا بەهێز دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی کۆچبەران بۆ ناو خاکەکەی.
