حکومەتی هەرێم بڕیاری دا مامەڵەى شەهیدانە لەگەڵ کەسوکارى قوربانیان بکات
حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دواى گیان لەدەستدانی چوار هاووڵاتی کورد لە خۆپیشاندانەکانی (2ـى ئەیلولی 2023)، بڕیاری دا مامەڵەى شەهیدانە لەگەڵ کەسوکارى قوربانیەکان بکات.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژى حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: "مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانی بە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، مامەڵەی شەهیدانە بۆ شەهیدانی ڕووداوەکانی 2ـى ئەیلولی شاری کەرکوک بکەن و هەموو هاوکارییەکی تەندروستی و چارەسەریش بۆ بریندارەکان ئاسان بکرێت".
جێی باسە، لە ڕۆژى شەممەی رابردوو (2ـى ئەیلولی 2023)، لە گەڕەکی رەحیماوەى کەرکوک، کوردانی شارەکە لە دژى داخستنی ڕێگەى سەرەکی کەرکوک - هەولێر، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و خۆپیشاندانەکە گرژی تێکەوت و چوار هاووڵاتیی کورد بە فیشەکی هێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەستدا و دەیان خۆپیشاندەری کوردیش بریندار کران.
