حکومەتی هەرێم بە كۆی دەنگ پڕۆژەی روناكی پەسەند دەکات
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیدا بە كۆی دەنگ پڕۆژەی روناكی پەسەندكردو هەروەها جەختیش دەكاتەوە كە هیچ كەموكوڕییەكی تەكنیكی نەماوە تاوەكو بكرێتە بەهانە بۆ راگرتنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم.
ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی ئایاری 2025، بە سەرپەرشتيی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە. حكومەتی هەرێم ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەی لە راگەیەندراوێكدا خستۆتەڕو.
بەپێی راگەیەندراوەكە، لە بڕگەی یەكەمی كۆبونەوەكەدا لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژەی روناكی بە کۆی دەنگ پەسەند کرد و وەزارەتی کارەبای ڕاسپارد بۆ دەرکردنی ڕێنمایيی پێویست بۆ ئاسانکاريی جێبەجێکردنی بڕیارەکە.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە بڕگەی دوەمی كۆبونەوەكەدا، گفتوگۆ لەبارەی ڕاسپاردنی وەزارەتەکان و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە کرا بۆ هاوئاهەنگی و هاریکاريی دەستەی هاوبەشی وردبینی هەردو دیوانی چاودێريی دارایيی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان، کە ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی ڕەشنوسی ڕاپۆرتی هاوبەشن لەسەر وردبینيی دارایيی هەرێمی کوردستان لەبەر ڕۆشنایی یاسای بودجەی گشتيی فیدراڵ بۆ ساڵەکانی 2023، 2024، 2025.
ئەنجومەنی وەزیران وێڕای جەختکردنەوە لە بەردەوامبونی هاریکاری و هاوئاهەنگيی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، لە هەمانکاتدا دوپاتی کردەوە کە دەبێت حکومەتی فیدراڵ وەکو هەرێمێکی فیدراڵ و قەوارەیەکی دەستوری ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات و ڕێز لە مافە یاسایی و دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان بگرێت و بەشەبودجەی هەرێم و شایستە داراییەکانی لە بودجەی گشتيی فیدراڵ بێ کێشە دابین بکات، بە تایبەتیش کە هەرێمی کوردستان سەرجەم داواکارییە تەکنیکی و ژمێریاری و یاساییەکانی حکومەتی فیدڕاڵی سەبارەت بە لیستی موچە و خانەنشینی و تەرازوی پێداچونەوە و دابینکردنی ژمارەی کەسيی بێهاوتا بۆ سەرجەم موچەخۆرانی هەرێم لە سەرجەم کەرتە جیاوازەکانی خزمەتی وەزیفی جێبەجێ کردوەو هیچ کەموکوڕییەکی تەکنیکی لەم ڕوەوە نەماوە، تا بکرێتە بەهانە بۆ ڕاگرتنی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێم کە مافێکی یاسایيی ڕەوای موچەخۆرانە و دادگای باڵای فیدڕاڵیش بە ئاشکرا جەختی لەم مافە کردوەتەوە.
