حەسسان: ئێمە لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە تەواوی ڕازین لە پڕۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق
ئەمڕۆ سێشەممە، محەمەد حەسسان ، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان، جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان تەواو ڕازین لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی ئێستای عێراق.
حەسسان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کەموتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە، وتی: "بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر سەرجەم پارێزگاکاندا دابەش دەبن بۆ بەدواداچوونی پڕۆسەی دەنگدان"، ڕوونیشیکردەوە کە "دڵخۆشم بەم بەشدارییەی هاوڵاتییان و ڕێکخستنە باشەی کۆمسیۆن".
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "ئەوەی ئەمڕۆ و ڕۆژی دەنگدانی تایبەت بینیمان، بەڵگەیە لەسەر ئەو هەوڵانەی کۆمسیۆن داویەتی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ڕێکخراو"، جەختیشی کردەوە کە "ئەمڕۆ ئاهەنگێکی دیموکراسییە بۆ سەرجەم گەلی عێراق بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانیان بەوپەڕی ئازادییەوە لە دیمەنێکدا کە ئیرادەی ئازادییان و پابەندبوونیان بە بژاردەی دیموکراسییەتەوە بەرجەستە دەکات".
وتیشی: "ئەمڕۆ عێراقییەکان جەختیان لەوە کردەوە کە دەنگی هاوڵاتی عێراقی سەرچاوەی شەرعییەتە، و بەشداریکردنی هۆشیارانە بنەمای چەسپاندنی دیموکراسییەت لە وڵاتدا و بەهێزکردنی متمانەیە بە دامەزراوەکان".
ئاماژەی بەوەدا کە "یونامی لە ماوەی دوو دەیەدا بەشداری لە ڕێکخستنی 13 پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرکەوتوودا کردووە، و ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین بەرهەمی ئەم هاوکارییەیە"، جەختیشی کردەوە کە "ئێمە لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە تەواوی ڕازین لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی ئێستا، و دڵنیاین کە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کەشی هێمن دەپارێزن و ڕێز لە هاوڵاتی عێراقی و ئیرادەی دەگرن".
ڕوونیشیکردەوە کە "گەلی عێراق شایستەی پێزانین و ڕێزە بۆ ئەو هۆشیاری و بەرپرسیارێتییەی لەم ڕۆژە و پێش ئەم ڕۆژەش نیشانیان دا، ئەمەش ڕەنگدانەوەی پێگەیشتوویی سیاسییە".
لە کۆتاییدا وتی: "نەتەوە یەکگرتووەکان لە تەنیشت عێراق و گەلەکەیدا دەوەستێت و پشتگیری لە ڕێڕەوی دەکات بەرەو بەدەستهێنانی کەشێکی ئارامتر و سەقامگیرتر".
