حەشدی شەعبى بۆ کۆمپانیای فەیسبووک : قەدەغەکردنى ئەبو مەهدى موهەندیس هەڵبگرن
دەستەى حەشدی شەعبی لە پەیامێکدا بۆ کۆمپانیاى مێتا، داوا دەکات بڕیارى قەدەغە لەسەر ئەو پۆست و ناوەڕۆکانە هەڵبگرن کە پەیوەنیدارن بە ئەبو مەهدى موهەندیس، جێگرى پێشووى سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبی و دەڵێت، "ئەو مامەڵەیە دەستوەردانێکى قبووڵ نەکراوە لە کاروبارى نێوخۆى عێراق."
ئەو پەیامەى دەستەى حەشدی شەعبی ئەمڕۆ دووشەممە 19ى ئایارى 2025 بڵاوکرایەوە و ئاڕاستەى کارگێڕیى کۆمپانیاى مێتا کراوە، کە خاوەندارێتیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک، ئینستاگرام و واتسئەپ دەکات.
دەستەکە سەرکۆنەى رێکارەکانى کۆمپانیاى مێتاى کردووە بۆ سڕینەوەى ئەو ناوەڕۆکانەى پەیوەندیدارن بە ئەبو مەهدى موهەدنیس و بە "پێشێلکردنى ئازادیى رادەربڕین و دەستدرێژیکردنى بێ پاساو لە دژى سەروەریى نیشتمانیى عێراق" ناوى بردووە.
حەشدی شەعبی سێ داواکاریى ئاڕاستەى کۆمپانیاى مێتا کردووە، کە بریتین لە هەڵگرتنى دەستبەجێى قەدەخە لەسەر ئەو ناوەڕۆکانەى پەیوەندیدارن بە ئەبو مەهدى موهەندیس، چاوخشاندنەوە بە سیاسەتەکانی بەرامبەر و ناوەڕۆکەکانى عێراق کە فەرمین، رێز لە دامەزراوە فەرمییەکان و کەسایەتییە نیشتمانییەکانى عێراق بگیرێت.
حەشدی شەعبی رایگەیاند، ئەو مامەڵەیە "دەستوەردانێکى قبووڵ نەکراوە" لە کاروبارى نێوخۆى عێراق، مافى گرتنەبەرى رێوشوێنى یاسایی و دیپلۆماسی و رۆژنامەڤانیى هەیە بۆ راگرتنى ئەوەى بە دەستدرێژى ناوى بردووە.
