حەڤدەی شوبات مێژوو و زامێکی لەبیرنەکراو کە بە چەکی دەسەڵاتی هەرێم دژی گەنجان تۆمارکرا
ئەمڕۆ یادی ڕۆژی خۆپشاندانەکانی 17ی شوبات دەکرێتەوە، 17ـی شوباتی 2011 ئەو رۆژەیە خۆپیشاندان و ناڕەزایی خەڵک لەبەردەم دەركی سەرای سلێمانی دەستیپێكرد و بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک بەردەوام بوو.
17ـی شوباتی ساڵی 2011 لە فەرهەنگی سیاسی هەرێمی كوردستان و سلێمانی بووە بە مێژوو و زامێکی لەبیرنەکراو.
لە خۆپیشاندانەكانی ناسراو بە (17ـی شوبات) كە خەڵكێکی زۆر بۆ زیاتر لە مانگێک لەسەر شەقامەكان مانەوە، داواكارییەكان بۆ چاكسازی و دادپەروەریی بوون و باشترکردنی دۆخی ژیان بوو لە هەرێمی کوردستان.
لە خۆپیشاندانەكانی شوباتی ساڵی 2011ـەدا، 10 كەس بوون بە قوربانی و گیانیان لەدەستدا، كە هەندێكیان بە گوللەی هێزە ئەمنییەكان بوون و هەندێكی دیكەشیان هێشتا دۆسییەكانیان یەكلایی نەكراوەتەوە، "یەكەم شەهیدی خۆپشاندانی شوبات لەلایەن چەکدارانی لقی 4ـی پارتی لە سلێمانی كوژرا".
دوای 14 ساڵ بەسەر ئەم یادەدا، تا ئەمساڵ 2025 تەنانەت یەک داواکاری خۆپشاندەران و خەڵکی ناڕازی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەت و دوو جەمسەری سەرەکیی حوکمڕانی هەرێم نەهاتە دی، تەنانەت دۆخی هەرێمی کوردستان خراپتربووە لەڕووی دواکەوتنی مووچە و شایستە داراییەکانی فەرمانبەران و خەڵکی هەرێم، هەروەها نەبوونی دامەزراندن بۆ خوێندکارە دەرچووەکان، هەروەها زیادبوونی کۆچی گەنجان بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی بە ئاڕاستەی ئەورووپا، کە گەنجان و هاوڵاتیانی کوردستان ژیانیان دەخەنە مەترسی دەریا و دارستانەکان بۆ گەیشتن بە (خەونی ئەورووپا).




