حەکیم بۆ وەفدی یەکێتی: یەکهەڵوێستی کورد شایستە دەستوورییەکان ئاسان دەکات
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، عەمار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمە پێشوازی لە وەفدێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی نزار ئامیدی کرد. ناوبراو خوازیاری هەڵوێستی یەکگرتووی کورد و ڕێککەوتن لەسەر یەک کاندید بوو، جەختیشی لەوە کردەوە کەدەبێتە هۆی ئاسانکاری بۆ ئەرکی فراکسیۆنە سیاسییەکانی دیکە و یارمەتیدەر دەبێت بۆ خێراکردنی جێبەجێکردنی شایستە دەستوورییەکان.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی حەکیم لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، کە لەلایەن موتەڵع بەدواداچوونی بۆ کراوە، ڕایگەیاندووە: "ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ٩ی شوباتی ٢٠٢٦، سەید حەکیم، سەرۆکی هاوپەیمانی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی، لەگەڵ وەفدێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی بەڕێز نزار ئامیدی کۆبووەوە،و بیروڕایان لەبارەی پێشهاتەکانی دیمەنی سیاسی لە عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرد ، هەروەها شایستە دەستوورییەکان ویەکلاکردنەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی دیکە کەماون”.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، حەکیم جەختی لە گرنگی پابەندبوون بە دەستوور کردووەتەوە وەک چوارچێوەی بەڕێوەبردنی پڕۆسەی سیاسی، داوای هەڵوێستی یەکگرتووی کورد و ڕێککەوتنی لەسەر یەک کاندید کرد. ڕوونیشیکردەوە، کە کارئاسانی دەکات بۆ ئەو ئەرکەی فراکسیۆنە سیاسییەکانی تر و بەشدار دەبێت لە خێراکردنی جێبەجێکردنی شایستە دەستوورییەکان. هەروەها جەختی لە گرنگی پەسەندکردنی بنەماکانی هاوبەشی و بەرژەوەندی نیشتمانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پێداویستیانە و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان کردەوە.
بەگوێرەی بەیاننامەکە، حەکیم داوای کردووە "پێویستی ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئابوورییەکان لە ڕێگەی پلانێکی دروست و دوورکەوتنەوە لە دەوڵەتی یەک سەرچاوە و هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و بوژاندنەوەی کەرتە بەرهەمدارەکان بە شێوەیەک کە سەقامگیری ئابووری بەهێز بکات و گەشەپێدانی بەردەوام کە خزمەت بە هەموو خەڵکی عێراق بکات".
