خالید شوانی :وەزیری سامانە سروشتییەكان وتویەتی ماوەی سێ رۆژییان پێویستە بۆ دەستكردنەوە بە هەناردەی نەوت
خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق لەبارەی وادەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا، وەزیری نەوتی عێراق وتویەتی، هەمو لایەنە تەكنیكی و لۆجیستییەكان ئامادەن و پێشتریش وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم لە كۆبونەوەكاندا وتویەتی، ماوەی سێ رۆژییان پێویستە بۆ دەستكردنەوە بە هەناردەی نەوت.
خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق لە لە لێدوانێكدا بۆ میدیای یەکێتی کەموتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە لەبارەی ئەوەی كەی هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێدەكاتەوە؟ وتی"لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا، سەرۆك وەزیران ئەم پرسیارەی لە وەزیری نەوتی عێراق كرد، وەزیری نەوت وتی، هەمو لایەنە تەكنیكی و لۆجیستییەكانمان ئامادەن و لەلایەنی توركیاشەوە ئاگاداركراوینەتەوە كە ئەوانیش ئامادەن."
هەروەها وتیشی، "ئەو رۆژە لە كۆبونەوەكانیشدا وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم وتی، ماوەی دو بۆ سێ رۆژمان پێویستە (بۆ هەناردەكردنەوە)."
وەزیری دادی عێراق ئاماژەی بەوەشدا "بۆیە بابەتەكان ئیدی زیاتر بابەتی تەكنیكین، لایەنە سیاسی و ئیداری و یاساییەكانی تەواو بوە."
خالید شوانی هێمای بۆ ئەوەش كرد كە رێككەوتنەكەی نێوان بەغداو هەرێم لە ئەمڕۆوە بۆتە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و وتیشی"هیوادارم بە نەرمی مامەڵە لەگەڵ ئەم بڕیارەدا بكەین و شتی بچوك گەورە نەكەینەوە. ئەو شتە بچوكانەی ئەگەر تێڕوانینی جیاوازیشیان لەبارەوە هەبێت، بتوانین بە لێكتێگەیشتن لەگەڵ یەكدی چارەسەرییان بكەین بۆ ئەوەی جارێكی تر كێشە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم سەرهەڵ نەداتەوە."
