خولی ئیسپانیا بەرشەلۆنە بە چوار گۆڵی بێوەڵام لە ئەتلەتیک بلباوی بردەوە
لە خولی ئیسپانیا بەرشەلۆنە بە چوار گۆڵی بێوەڵام لە ئەتلەتیک بلباوی بردەوە و بە کاتی چووە پێشەنگی ریزبەندی.
لە یارییەکی هەفتەی 13ی خولی ئیسپانیا، یانەی بەرشەلۆنە دوای ماوەیەکی زۆر گەرایەوە ماڵەکەی خۆی و لە یاریگای سپۆتیفای کامپ نو میوانداریی ئەتلەتیک بلباوی کرد.
تایمی یەکەم، بلاوگرانا پشتبەست بە یاریگا و هاندەرانی بەهێزتر دەرکەوت، دوای تێپەڕینی چوار خولەک لیڤا گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد، بلاوگرانا لە هێرشەکانی بەردەوامبوو، لە خولەکی 25ی یارییەکەش تۆرێس گۆڵێکی دیکەی تۆمارکرد بەڵام بە بیانووی ئۆفسایدەوە رەتکرایەوە.
لە کۆتاییەکانی نیوەی یەکەمیش لامین یامال تۆپێکی نایابی خستە بەردەم تۆرێس و ئەویش گۆڵی دووەمی بلاوگرانای پێ تۆمارکرد.
لە تایمی دووەم، سی خولەک دوای دەستپێکردنەوەی یارییەکە فێرمین گۆڵی سێیەمییانەکەی نوسییەوە، دواتر سانسێت لە بلباو بە کارتی سور کرایە دەرەوەی یاریگا، ئەوەش رێگەی بۆ بەرشەلۆن خۆشکرد تا گۆڵی چوارەم لە رێگەی تۆرێس تۆماربکەن لە کۆتا خولەک.
سەرەنجام یارییەکە بە چوار گۆڵی بێوەڵام لە سودی بەرشەلۆنە کۆتاییهات، بەم ئەنجامە بلاوگرانا بە کۆکردنەوەی 31 خاڵ بە کاتی چووە پێشەنگ و بلباو پلەی هەشتەمی گرتووە.
