خولی ئیسپانیا.. ریال مەدرید بە بردنەوە بەسەر مایۆرکا پێگەی خۆی قایمکرد
لە خولی ئیسپانیا ریال مەدرید شکستی گۆڕی بۆ بردنەوە و دوو گۆڵیان بەهۆی گەرانەوە بۆ ڤار رەتکرایەوە.
لە یارییەکی هەفتەی سێیەمی خولی ئیسپانیا و بەر لە پشووە نێودەوڵەتییەکان، یانەی ریاڵ مەدرید لەنێو سانتیاگۆ میوانداری مایۆرکای کرد.
تایمی یەکەم، مێرەنگێ لە سەرەتاوە باشتر دەرکەوت، کیلیان مباپێ لە خولەکی حەوت گۆڵێکی تۆمارکرد، بەڵام دوای گەرانەوە بۆ ڤار بەهۆی ئۆفساییدەوە رەتکرایەوە، لە بەرامبەردا لە ئەنجامی تۆپێکی وەستاوەوە ڤیداد موریکی بە لێدانی سەر لە خولەکی 18 گۆڵی پێشکەوتنی مایۆرکای تۆمارکرد.
بەڵام ریاڵ مەدرید وەڵامێکی بەهێزی میوانەکەی دایەوە و لە خولەکەکانی 37 و 38 بە دوو گۆڵی یەک لەدواییەک ئەنجامەکەیان پێچەوانە کردەوە، گۆڵەکانیش ئاردا گولەر و ڤینیسیۆس جونیۆر تۆماریانکرد، نیوەی یەکەمیش لە سودی تیپەکەی ئەلۆنسۆ کۆتاییهات.
لە تایمی دووەم، لە خولەکی 51 ڤار دووبارە گۆڵێکی ریاڵ مەدریدی رەتکردەوە، گۆڵەکە گولەر تۆماریکرد و ناوبژیوان بە بیانووی ئەوەی تۆپ بەر دەستی یاریزانە تورکییەکە کەوتووە گۆڵەکەی هەژمارنەکرد.
هەرچەندە هێرشەکانی ریاڵ مەدرید و مایۆرکاش بۆسەر گۆڵی یەکتر بەردەوامی هەبوو، بەڵام هیچکامیان لەو تایمەدا نەیانتوانی گۆڵی دیکە تۆماربکەن.
ئەمە لە کاتێکدا کارێراس و ئارنۆڵد ریاڵ مەدریدیان لە دوو هێرشی مەترسیداری مایۆرکا رزگارکرد و تۆرەکەیان لە دوو گۆڵی سەد لە سەدی رکابەرەکەیان پاراست.
سەرەنجام یارییەکە بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە بەرژەوەندیی ریال مەدرید کۆتاییهات، بەم ئەنجامە یانەی شاهانە بە بردنەوە چووە نێو پشووە نێودەوڵەتییەکان و بە کۆکردنەوەی نۆ خاڵ لە سێ یارییدا بە شێوەی کاتیی پێشەنگیی لالیگای گرتووە.
