خولی ئینگلتەرا.. مانچستەر سیتی بە سێ گۆڵی بێوەڵام شکستی بە لیڤەرپول هێنا
لە خولی ئینگلتەرا مانچستەر سیتی بە سێ گۆڵی بێوەڵام شکستی بە لیڤەرپول هێنا و چووە پلەی دووەم.
لە یارییەکانی هەفتەی 11ی خولی ئینگلتەرا، مانچستەر سیتی لە یاریگای خۆیدا میوانداری لیڤەرپولی کرد.
لە تایمی یەکەم، سیتی باشتر بینران و لە خولەکی 13 هالاند لێدانێکی سزای فەوتاند، بەڵام هەمان یاریزان لە خولەکی 26 گۆڵی یەکەمی بۆ یانەکەی تۆمارکرد، پێش کۆتایی تایمی یەکەم و لە خولەکی سێی کاتی زیادکراو، نیکۆ گۆنزالێس دووەم گۆڵی کوڕانی گواردیۆلای تۆمارکرد.
لە تایمی دووەم، دووبارە کوڕانی سیتی باشتر بینران و لە خولەکی 63ش جێریمی دوکۆ سێیەم گۆڵی بۆ تۆمارکردن و پاش ئەوەش هیچ گۆڵێکی تر لە یارییەکەدا نەبینرا.
سەرەنجام، یارییەکە بە سێ گۆڵی بێوەڵام بەبردنەوەی مان سیتی کۆتایی پێهات و خاڵەکانی بۆ 22 خاڵ بەرزکردەوە و چووە پلەی دووەم، لیڤەریش 18 خاڵی هەیە لە پلەی هەشتەم.
لە یارییەکانی تریشدا، ئەستۆن ڤێلا بە چوار گۆڵی بێوەڵام شکستی بە بۆرنمۆس هێنا، برێنتفۆردیش بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە نیوکاسڵی بردەوە.
