خولی عێراق.. دهۆک لە نەورۆزی بردەوە و هەولێر دۆڕا
لە خولی عێراق دهۆک بردنەوەی بەسەر نەورۆز بەدەستهێنا و هەولێر بە قاسم دۆڕا.
لە یارییەکانی هەفتەی دووەمی خولی پیشەگەری عێراق، یانەی نەورۆز لە یاریگای سلێمانی میوانداری یانەی دهۆکی کرد.
تایمی یەکەم بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە سوودی دهۆک کۆتاییهات، گۆڵەکەش یانیک زاکری لە خولەکی 19 تۆماریکرد.
لە تایمی دووەمدا، یاریەکە کێبڕکێیەکی زۆری بەخۆوە بینی و لە خولەکی 68دا هیران ئەحمەدی یاریزانی دهۆک کارتی سوری پێدرا و دواتر یاریزانانی نەورۆز هەوڵی یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەیاندا بەڵام نەیانتوانی گۆڵ تۆمار بکەن و سەرەنجام یاریەکە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە سوودی دهۆک کۆتاییهات.
لە هەمان هەفتە، یانەی هەولێر لەدەرەوەی یاریگای خۆی بووە میوانی قاسم و بە ئەنجامی گۆڵێک بەرامبەر دوو گۆڵ یاریەکەی پێدۆڕاند.
بەو ئەنجامانە، دهۆک بە کۆکردنەوەی شەش خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندی خولەکەدا دەبینرێت، نەورۆز لە پلەی چوارەمدایە و هەولێر پلەی 13ی گرتووە.
